Rewa Mahmood Hasan
06 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2020
سلێمانی - AA
شێرپەنجە یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە زۆر کەس بە تووشبوونی نائومێدی دایدەگرێت و وردە بەردەدات، زۆر جار هەر ئەمەشە هۆکاری تەواوی پوکانەوەی ئەو کەسە، بەڵام ئەمە بۆ هەموو کەسێک وەک يەك نییە، هەندێک لە چیرۆکەکان ئەوە دەسەلمێنن کە مرۆڤەکان زۆر لەو نەخۆشییە بەهێزترن و تا دوا ساتیش لەگەڵی دەجەنگن و لە ئاکامدا سەردەکەون.

دلێر تێلی ساڵح، پێشکەشکار لە تۆڕی میدیایی رووداو، ٣٤ ساڵ لە تەمووزی ساڵی رابردوودا پێی دەزانێت کە تووشی شێرپەنجە بووە، ئەمە وای لێکرد لەسەر شاشە دوور بکەوێتەوە. دلێر چیرۆکی بەرەنگاریی و ململانێیە لەگەڵ شێرپەنجە، هەرکەسێک ئەوی بینیبێت، بۆ ساتێکیش هەست ناکات ئەم کەسە نەخۆشیەکی لەجەستەدا بێت، ئەو نموونەیەکە بۆ بەرەنگاری ململانێی مرۆڤەکان لەگەڵ سەخترین نەخۆشیدا.
شێرپەنجەکەی دلێر لە جۆری Ewing’s sarcoma of kidney-ە کە بە شێرپەنجەی گورچیلە ناسراوە.
لە هەپڤەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، باس لە ژیانی خۆی دەکات لەگەڵ نەخۆشیەکەیدا، ئەو بە ورەیەکی زۆر بەرزەوە هەموو کات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت. دکتۆر ١٤ دەرزیان بۆ نووسیوە تاکو لەم وەرزەدا نەخۆشیەکە تێپەڕێنێت. تا ئێستا حەوتی دەرزیانی وەرگرتووە و حەوتی تری ماوە و دەڵێت، ''تا ئێستا باشم، هەندێک جار لاواز دەبم وەک جەستە، بەڵام لە رووی رۆحی و مەعنەویەوە زۆر باشم ئەویش بە پاڵپشتی ماڵەوە، خەڵکی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان و دکتۆرەکەم. خۆڕاگرم و دەتوانم شەڕێکی باش بکەم و بجەنگم تاکو سەرکەوتووبم".
سەبارەت بەو کاتەی کە پێی زانیوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، دلێر تێلی دەڵێت، ''لە چواری تەمووزی ساڵی رابردوو، یەکەم نەشتەرگەریم کرد بۆ گورچیلە، ئەوکاتە دکتۆرەکان دۆزیانەوە کە من ئەو جۆرە شێرپەنجەیەم گرتووە، دواتر چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بە شێرپەنجەی جیهان ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە بەڵێ من ئەو شێرپەنجەيەم هەيە و دواتر دەستکرا بە نووسینی دەرمانی تایبەت بۆم. باشترینە دەرمانەکانیشم لە هەرێمی کوردستان بەدەست کەوت لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر کە تایبەتە بە نەخۆشی شێرپەنجە، چارەسەریی وەردەگرم بە سەرپەرشتی دکتۆر لوقمان پسپۆری بواری ئینکۆلۆجی''.

- ''کە دایکم گریا ئنجا زانیم کارەساتێکی گەورەیە و تووشی نەخۆشیەکی قورس بووم''
دلێر باس لە سەرەتاکانی ساتی زانینی نەخۆشیەکە دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەو کە وزەیەکی زۆر لە چاوی دەدرەوشایەوە سەرەڕای نەخۆشیەکەی، دەڵێت کە یەکەم جار بڕوام نەکردووە ئەو نەخۆشیەکەم گرتووە، بەڵام کاتێک لە دایکم پرسی 'چیمە' ؟ ئەو گریا، ئەوکات زانیم کارەساتێک روویداوە لە مندا.
دلێر تێلی دەڵێت، ''ناتوانم بە وشە گوزارشت لە هەستم بکەم ئەو کاتەی پێمزانی تووشی شێرپەنجە بووم. هەستێکی زۆر ناخۆش بوو، هاوکات هەستێک بوو وای لەمن کرد کە بێدەنگ بووم، وای کرد کە فرميسک لە چاوانم خۆیان نەگرت و هاتنە خوار، زۆر بیرم لێکردەوە کە دەبێت مرۆڤ بڕیار بدات بژیت لەگەڵ ئەو نەخۆشیە، سەرەتا بڕوام نەدەکرد، بەڵام کاتێک دایکم بینی دەگری، زانیم ئیتر تەواو ئەوە من شتێکی قورسم هەیە. گوتم ئەوشتەم پێ بڵێن چییە؟ ئایا زۆرە رێژەکەی یان نا، پێیان گوتم نازانین، بەڵام دواتر لە پاش پشکنینەکان پێمان گوترا کە سوپاس بۆ خودا دەتوانین بە وەرگرتنی چارەسەریی کیمیایی ناسراو بە کیمۆسەراپی، دۆخەکە تێپەڕێنین''.

- ''لەگەڵ پێش نەخۆشیەکەدا هیچ ژیانم نەگۆڕاوە هەوڵدەدەم وەک خۆی بێت"
لەبارەی تێپەڕینی رۆژێک لە ژیانی دلێر تەلی لەدوای نەخۆش کەوتنی، ئەو بە ورەیەکی پۆڵایینەوە باس لەوە دەکات کە ژیانی هیچ نەگۆڕاوە بەڵکو خۆشتر بووە، بەڵام ئەوەی کە نیگەرانی دەکات وەرگرتنی ئەو چارەسەر کیمیاییەیە کە زۆر جار پلانەکانی تێکوپێک دەشکێنێت و ناچاری دەکات بەگۆڕینیان. لەو بارەیەوە دلێر تەلی زیاتر دەڵیت ''کە ئەو دەرزیە لەخۆم دەدەم گۆڕانکاری بەسەر جەستەمدا دێت، هەندێک جار پێدەکەنم نازانم بۆ، هەندێک جار توڕە دەبم و ناوبەناو دەگریم بەبێ ئەوەی بزانم بۆ، هەندێک جاری وا هەیە هیچ هەستێکم نامێنێت. ئەو کاتانەی چارەسەریی وەردەگرم لای من کەیف و ناخۆشی یەک شتە. تەنها هەست بە ئازاری جەستەم دەکەم، هەست بە ملم-ێک لە جەستەم دەکەم کە لەنێو ئازاردا نقوم بووە. لە چەند رۆژی یەکەمی وەرگرتنی چارەسەرییەکەدا ماندوو دەبم. دواتر دەبمە مردوویەکی زیندوو. بەتەواوی خۆم لە خەڵک دادەبڕم. هەندێک جار حەز ناکەم کەس ببینم لەوکاتانەدا، بەڵام وردە وردە تادێت، بەرەو باش بوونەوە دەچم، ژیان دەست پێ دەکاتەوە''.
دلێر کە پێشکەشکاری هونەری بوو لە کەناڵی رووداو، ئاماژە بەوە دەکات تا ئێستا بەردەوامە لە کارەکەی، هەندێک جار هەواڵ و بەرنامەیان بۆ دەکات و دەڵێت، ''هەست دەکەم دوورکەوتوومەتەوە لە رووداو، حەزدەکەم بگەڕێمەوە بۆسەر کارەکەم، هەندێک جاریش سۆشیال میدیا ئەو شتەی من دەمەوێت، دەتوانێت بیگەیەنێت بە خەڵکی، بەڵام ئەو کارەی من دەمەوێت ئەوەیە حەزدەکەم زوو بگەڕێمەوە سەر کارەکەم".
لە بەشێکی قسەکانیدا دلێر تەلی دەڵێت، "زۆر بیری پیشەکەی خۆم دەکەم، بەڵام شێرپەنجە نەبۆتە رێگر لێم، هەندێک جار هەواڵ دەنووسم و بەرنامە ئامادە دەکەم".
- ''تووشبوانی شێرپەنجە پێویستیان بە زۆرترین ناز هەیە، وشەیەک کاریگەری خۆی لەسەریان بەجێدەهێڵێت''
دلێر تێلی ئامۆژگاری ئەوە دەکات، هەموو خەڵک پاڵپشتی تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە بکەن چونکە ئەوان پێویستی زۆریان بە ناز هەیە و دەڵێت ''زۆر جار یەکێک قسەیەک دەکات، دەڵێت دلێر زۆر باش دیاری لە جاران باشتری، ئەم گوتەیە وەک بۆمبێک لە لەشمدا دەتەقێتەوە و وزەیەکی زۆرم پێ دەدات، بۆیە تووشبوانی شێرپەنجە پێویستی زۆریان بە پاڵپشتی مەعنەوی هەیە، تاکو بتوانن ئەو دۆخە تێپەڕێنن. بەقسەی زۆر زۆر ئاسانیش دەشکێن. بۆیە دەبێت زۆر بەئاگابن لەگەڵ تووشبواندا".
دلێر کە لەنێو هاوەڵانیدا بە دلێری دلێر ناسراوە، ئامۆژگاری بۆ تووشبوانی شێرپەنجە ئەوەیە کە هەرگیز بێ ئومێد نەبن و تەنها ئەو ئومێدەیە دەتوانێت زاڵیان بکات بەسەر نەخۆشیەکەدا و دەڵێت ''چونکە ئەگەر ئومێد نەبوو، نەخۆشیش نەبیت هەست بە نەخۆشیەکی قورس دەکەین، بۆیە تەنها چارەسەر ئومێدە بۆ ئەوان. تاکو زاڵ بن بەسەر نەخۆشیەکەدا".