Hemin Hüseyin
01 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
هەولێر-AA
رێککەوتنێک لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان واژووکرا بۆ ئەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت بە مەبەستی چارەسەرکردنییان.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھەردوو وەزیر واژوویان لەسەر رێککەوتننامەکە کرد و رایانگەیاند کە پێشتر تێکەڵی ھەبوو لە دۆسیەی زیندانییان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و شەھیدان، هەر بۆیەش بڕیارماندا پێداچوونەوە بەو دۆسیەیەدا بکەین.
هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێكکەوتن و خاڵەکانیش بریتین لە:-
یەکەم: "هەموو ئەو پسوولانەی خەرجی چارەسەری پزیشکی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە لە ساڵانی رابردوو ماونەوەتەوە تا واژووکردنی ئەم رێککەوتنە بە نووسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ خەرجکردنی مافی هەریەکەیان، بەپێی پسوولەی خەرجی لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و کەرکووک".
دووەم: "وەزارەتی تەندروستی، نەخۆشی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان پلە یەک و زیندانییانی سیاسیی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەبەخشێت لە پسوولە و پشکنین و چارەسەر و نەشتەرگەری بەپێی هەردوو یاسای ژمارە ٩ـی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای ژمارە ١١ـی ساڵی ٢٠١١".
سێیەم: "بە مەبەستی دیاریکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و رێژەی بەرکەوتەیان، وەزارەتی تەندروستی دوو لیژنە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی پێکدەهێنێت لە پسپۆڕییەکانی، هەناو و سینگ، پێست و چاو و، هەموو ئەو بەرکەوتووانە دەپشکنێت کە داوای تۆمارکردن دەکەن لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان".
چوارەم: "بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و ئەو نەخۆشانەی کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن، هاوکات ئەوانەشی کە زیندانی سیاسیین و چارەسەری نەخۆشییەکانییان لە هەرێمی کوردستان ناکرێت، نووسراویان بۆ دەکرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی دابینکردنی بوودجەی پێویست و ناردنە دەرەوەیان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەیان".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێکەوت حەمە رەشید گوتی: "پێشووتریش وەزارەتی تەندروستی چارەسەری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی لە کەرتی گشتیدا کردووە بەڵام لە کابینەکانی پشووتردا جۆرە تێکەڵاوییەک هەبوو، دۆسیەی چارەسەرکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە دەرەوەی وڵات درابوو بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان، بۆیە دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆ گەیشتینە ئەو رێککەوتنەی کە دەبێت ئەو دۆسیەیە یەکبخرێتەوە و وەزارەتی تەندروستی سەرپەرشتی بکات".
دکتۆر رێکەوت حەمە رەشید ئاماژەی بە کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کرد و گوتی: "نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە سەدا ٩٠ی تەواو بووە و ئامێرەکانییان تاقیکراوەتەوە، ماوەتەوە سەر ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانی هەرێم داوایکردووە کە دامەزراندن بۆ ئەو نەخۆشخانەیە کاری پێویستی بۆ بکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا ئێمە داوای ٢٨٨ پلەی دامەزراندنمان کردووە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە".
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە دۆسیەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی شەش هەزار کەس لەخۆ دەگرێت کە لەو ژمارەیەش ٩٧٠بەرکەوتوو مینحەیان هەیە و ٦٠ بەرکەوتووش دۆخی تەندروستیان خراپە و پێویستییان بە ناردنە دەرەوەی وڵات هەیە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، مەحمود حاجی ساڵح گوتی: "ئێمە لە ساڵی رابردوودا لە کاتی یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە کۆمەڵێک داواکاریمان ئاراستەکرا بە تایبەت چۆنیەتی چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کە بە خۆشحاڵییەوە زۆرێک لە بەڵێنەکانمان جێبەجێکرد وەک تۆمارکردنی ١٢٠ کەس لە شەهیدانی تۆپبارانکردنی شارەدێی سیروان سەربە پارێزگای هەڵەبجە، هەروەها دەرکردنی یاسایەک بۆ تاقانەکانی جینۆساید و کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بە کاروبارەکانی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە کە ئەویش جێبەجێکرا".
مەحموود حاجی ساڵح گوتیشی: "لەو ماوەیە سەردانی وڵاتی سوید و وڵاتی پۆڵەندامان کرد و لەگەڵ وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتانە باسی دۆسیەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییمان کرد بەتایبەت ئەو ٦٠ بەرکەوتووەی چەکی کیماییی کە ئێمە داوامان کردووە لە ولاتی سوید چارەسەریان بۆ بکرێت و هێشتا وەڵاممان نەدراوەتەوە".
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوەشکرد کە بڕیارە لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی ئێران بکەن بۆ ئەوەی بتوانن تیمێکی پزیشکی بهێنن لە هەڵەبجە راهێنان بەو بەرکەوتووانەی چەکی کیمایی بکەن کە پێویستییان پێیەتی.