Zana Natık Kerem
16 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2017
بەغدا ــ AA
روانگەی مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاند كە زۆر جۆرە نەخۆشی لە مووسڵ بڵاوبوونەوەتەوە و ئاماژە بەوەش دەكات كە تووشبوونی ٢٧٦ كەس بەنەخۆشی گرانەتا لەو شارە بەبەڵگە كردووە.
لە راپۆرتێكدا كە روانگەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە بەوە دراوە بەهۆی وشكەساڵی و بەدخۆراكی و پیسبوونی ئاوی خواردنەوە هەروەها بوونی ژمارەیەك زۆری تەرمی چەكدارانی داعش لە شەقامەكانی بەشی راستی مووسڵ، زۆر جۆرە نەخۆشی بڵاوبووەتەوە.
روانگەی مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاندووە كە ٢٧٦ حاڵەتی تووشبوون بەنەخۆشی گرانەتا لە بەشی راستی مووسڵ بەهۆی كەمی ئاوی خوارنەوە، بەبەڵگە كردووە كە لەناو تووشبووەكان منداڵ و ئافرەت هەیە.
بەپێی راپۆرتەكە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی نەینەوا، سەڵاحەددین زەنوون نعێمی بۆ روانگەكە تووشبوونی دانیشتوانی مووسڵ بەنەخۆشی گرانەتا پشتڕاست كردەوە، هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشكی پارێزگای نەینەوا، نورە بجاری گوتوویەتی: "بنكەكانی تەندورستی مووسڵ بەدەست كەمی دەرمان دەناڵێنن و هەروەها نەخۆشییەكانی تەلاسیمیا و گورچیلە لە شارەكە بڵاوبونەتەوە".
هاوكات دانیشتوانی بەشی راستی مووسڵ ئەوەیان گوتووە: "ئەوانەی خۆیان و منداڵەكانیان تووشی نەخۆشی گرانەتا هاتوون لە ئەنجامی بەدخۆراكی و خواردنەوەی ئاوی پیس بوووە كە بەر لەچەند رۆژێك خواردوویانە".
روانگەی مافی مرۆڤی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە هەندێك زانیاری بەدەست گەیشتووە بەڵام تا ئێستا پشتڕاست نەكراووەتەوە لە زانیارییەكاندا ئاماژە بەوە كراوە كە بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویست نەخۆشییەكانی پێست و ڤایرۆسی جگەر و هەوكردنی بۆری میز لە ناوچەكانی بەشی راستی مووسڵ بڵاوبوونەتەوە.
روانگەی ناوبراو دووپاتی كردووەتەوە كە ژمارەیەكی زۆری تەرمی چەكدارانی داعش لەناو شەقامەكانی بەشی راستی مووسڵ بڵاوبوونەتەوە كە بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكانی گەدە كە نەخۆشی مەترسیدارە.
لە كۆتاییدا روانگەی مافی مرۆڤی عێراق داوای لە وەزارەتی تەندروستی كردووە كە دەرمانی پێویست رەوانەی بنكەكانی تەندروستی لە مووسڵ بكات و بەزووترین كاتیش یارمەتی پزیشكی پێشكەش بەئاوارەكان بكات بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی كە دەبنە هۆی گیان لەدەستدان.