Zana Natık Kerem
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند کە تا ئێستا، ٤٩٩ زیندانیکراو لە گرتووخانەکاندا، تووشی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بوون.
لەمبارەیەوە ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فازل غەڕاوی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، تا ئێستا ٤٤٩ زیندانیکراو تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون و ٤٥٠ زیندانیکراو لەو ڤایرۆسەیش چاکبوونەتەوە و ٤٩ زیندانیکراو چارەسەر وەردەگرن.
فازل غەڕاوی باسی لەوەشکردووە کە تا ئێستا ٧١٣ پاسەوانی گرتووخانەکان لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٤٥٠ پاسەوانی دیکەیش لەو ڤایرۆسە چاکبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە تا ئێستا ١٢ زیندانیکراو و حەوت پاسەوانی گرتووخانەکان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
ناوبراو داواشی لە وەزارەتی تەندروستیی و ناوخۆ کردووە کە ھەڵمەتی پاکژکردن لە گرتووخانەکاندا ئەنجام بدەن و یەکەکانی کەرەنتینیش لە گرتووخانەدا بە ئامانجی پاراستنی گیانی زیندانیکراوان دروست بکەن.
ئەمەیش لە کاتێدایە بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا ٥٢٤ ھەزار و ٥٠٣ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ١١ ھەزار و ٧٥٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٥٣ ھەزار و ٢٥ی دیکەیش چاکبوونەتەوە.