Gülbin Yıldırım,Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
25 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2017
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ''پارتی کۆماری ناچارە ئەو بەڵێنەی کە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوە و گۆڕینی ئۆباماکێر داویەتی بباتەسەر، بەڵام تا ئێستا سیناتۆرە کۆمارییەکان ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانیان بە مەبەستی راگرتنی دێوەزمەی ئۆباماکێر، بە جێ نەگەیاندووە. لە ئێستادا هەلێکیان لەبەردەستدایە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی ئەو سیستمی تەندروستییەی کە ماوەیەکی درێژ لەمەوبەر داتەپیوە و بۆ گۆڕینی کارەساتی ئۆباماکێر''.
دۆناڵد ترەمپ بەر لە دەنگدانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجوومەنی سیناتۆرانی وڵاتەکەی سەبارەت بە پرۆژە یاسای دوایین سیستمی دڵنیایی تەندروستی، قسەی کرد.
ترەمپ جەختی کردەوە، ئۆباماکێر کە بە واژووی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، سیستمی تەندروستی لەو وڵاتە داڕووخاندووە و گوتی: ''یەکەم یاسای پزیشکیی بریتییە لە 'زیان نەگەیاندن' بەڵام بە هۆی درۆکانی ئۆباماکێرەوە، چەندین خێزان لە ئازار و مەینەتی زیاتر هیچیان بۆ نەماوەتەوە''.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد پارتی کۆماری ماوەی ٧ ساڵە لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئۆباماکێردایە و گوتی: ''لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٦دا هەموو کاندیدانی پارتی کۆماری بەڵێنی ئەوەیان بە قوربانیانی ئۆباماکێردا کە ئەوان بە زووترین کات لەو کارەساتە رزگاربکەن''.
دۆناڵد ترەمپ درێژەی بە گوتەکانی دا و رایگەیاند ''پارتی کۆماری ناچارە ئەو بەڵێنەی کە بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوە و گۆڕینی ئۆباماکێر داویەتی بباتەسەر، بەڵام تا ئێستا سیناتۆرە کۆمارییەکان ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانیان بە مەبەستی راگرتنی دێوەزمەی ئۆباماکێر، بە جێ نەگەیاندووە. لە ئێستادا هەلێکیان لەبەردەستدایە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی ئەو سیستمی تەندروستییەی کە ماوەیەکی درێژ لەمەوبەر داتەپیوە و بۆ گۆڕینی کارەساتی ئۆباماکێر''.
لەبەر ئەوەش کە دیموکراتەکانی نێو ئەنجوومەنی پیران دژی ئەو پرۆژە یاسایەن کە دەستبەجێ ئۆباماکێر رادەگرێت و رەخنەی ئەوە دەگرن کە پرۆژە یاساکە جێگرەوەیەکی بۆ ئۆباماکێر نییە، ترەمپ رایگەیاند ''دیموکراتەکان تەنها دەنگێک نادەن بە پرۆژەکە، لەبەر ئەوەش پێویستمان بە دەنگی کۆی کۆمارییەکانە''.
- پرۆژە یاساکە پێویستی بە ٥١ دەنگە
ئەو پرۆژە یاسایەی کە بڕیارە سەرۆکی زۆرینەی سیناتۆرەکانی ئەنجوومەنی پیران، میچ ماککۆنێڵی کۆماریخواز سبەی بیهێنێتە ناو دانیشتنی ئەنجوومەنەکە، پێویستی لانیکەم بە ٥١ دەنگە.
ئەمەش بەو مانایە دێت کە لە کۆی ١٠٠ کورسی ئەنجوومەنی سیناتۆران کە ٥٢ی بەدەست کۆماریخوازانەوەیە، سیناتۆرانی پارتەکە، بە لایەنی زۆرەوە دوو دەنگ لەدەست دەدەن.
ئەگەر بێت و پرۆژە یاساکە لە دەنگدانی ئەنجوومەنەکەدا، ٥٠ دەنگی بەڵێ و ٥٠ دەنگی نەخێر بەدەستبهێنێت، ئەوا جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی دۆخی بەرامبەریی، مافی دەنگدانی دەبێت.