Muhammed Bilal Kenasari,Muhammet Ali Kemal
18 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2017
واشنتتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد بەنیاز نییە داواکاری گشتیی تایبەت، رۆبەر مولەر کە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە رووسیا بەڕێوەدەبات لە کارەکەی دووربخاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ دوای گەڕانەوەی لە کامپ دەیڤدەوە بۆ کۆشکی سپی، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ''ئایا بەنیازە رۆبەرت مولەر لە کارەکەی دووربخاتەوە؟'' رایگەیاند ''نەخێر بەنیاز نیم''.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، میدیای ئەمریکی بانگەشەی ئەوەی کردبوو سەرۆکی ئەمریکا داواکاری گشتیی تایبەت، رۆبەرت مولەر کە لە ''دەنگۆی پەیوەندییەکانی ترەمپ و رووسیا'' بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی دەکۆڵێتەوە لە کارەکەی دووردەخاتەوە.
هەروەها میدیا ئەمریکی بانگەشەی ئەوەشی کردبوو دۆناڵد ترەمپ لە کاتی پشووی سەری ساڵی کۆنگرێسدا ئەو هەوڵەی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لای خۆیشییەوە نوێنەری ویلایەتی کالیفۆرنیا لە کۆنگرێس سەر بە پارتی دیموکرات، ئادەم شیف دەنگۆکانی پشتڕاست کردبوویەوە و ئاماژەی بەوەکردبوو رۆژی هەینی ئەو ئەگەرە لە کۆنگرێس تاوتوێکراوە.
ئادەم شیف رایگەیاندبوو ''قسە و قسەڵۆکەکانی نێو کۆنگرێس بەو ئاراستەیەدایە کە سەرۆک ئامادەکاریی بۆ پێشکەشکردنی گوتارێکی بەهێز دەکات. رۆژی ٢٢ی کانوونی یەکەم رۆژێکە کە ئێمە لە واشنتۆن نابین و لەوانەیە لەو رۆژەدا مولەر لە کارەکەی دەربکات''.
ترەمپ پێشتر بەڕێوەبەری پێشووی ئێف بی ئای، جێمس کۆمی کە بەر لە مولەر لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە رووسیای بەڕێوەدەبرد لە کارەکەی دوورخستبوویەوە.