Sümeyye Dilara Dinçer
02 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2021
ئەنقەرە- AA
بەکارهێنانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لە جیهاندا بەردەوامە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "Ourworldindata.org" کە تایبەتە بە نوێترین زانیارییەکانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا، تا ئێستا زیاتر لە ٦١٠ ملیۆن ژەم لە ڤاکسینەکانی دژ بە کۆرۆنا بەکارهێندراون.
زۆرترین ژەم لە ئەمریکا بەکارهێندراوە کە ١٥٣ ملیۆن و ٦٣ هەزار ژەمە.
دوای ئەویش چین بە ١١٩ ملیۆن و ٨٢ هەزار ژەم لە ریزبەندی دووەم و هیندستان بە ٦٨ ملیۆن و ٧٩ هەزار ژەم لە ریزبەندی سێیەم دێت.
بەراورد بە چڕی دانیشتوان رێژەی بەکارهێنانی ڤاکسینەکان لە ئیسرائیل لە بەرزترین ئاستدایە کە بۆ هەر ١٠٠ کەسێک نزیکەی ١١٦،١٨ ژەمە ڤاکسین بەکارهێندراوە.
دوای ئەویش وڵاتی ئەفریقی سیشێل بە ١٠٣،٨، ئیمارات بە ٨٤،٨٤، شیللی بە ٥٦،٢٩، بەڕیتانیا بە ٥٢،٥٣، مۆناکۆ بە ٤٦،٧، ئەمریکا بە ٤٥،٩٤، بەحرێن بە ٤٥،٥٦ و دوورگەکانی ماڵدیڤ بە ٤٤،٥٤ ژەمە ڤاکسین بۆ هەر ١٠٠ کەسێک دێن.
هەروەها لەڕووی زۆری بەکارهێنانی ڤاکسینەوە تورکیا لە ریزبەندی شەشەمی جیهاندایە و تا ئێستا نۆ ملیۆن و ٣٤٣ هەزار و ٨١٩ ژەمە ڤاکسینی تیادا بەکارهێندراوە و رێژەی بەکارهێنانی ڤاکسینەکەش ١٩،١٥ ژەمە ڤاکسینە بۆ هەر ١٠٠ کەسێک.
لە تورکیا، نۆ ملیۆن و ٣٤٣ هەزار و ٨١٩ کەس ژەمی یەکەم، حەوت ملیۆن و ٣٩ هەزار و ٨١٥ کەس ژەمی دووەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
- ناهاوسەنگی لە دابەشکردنی ڤاکسینەکەدا
کیشوەرەکانی جیهان بەشێوەیەکی یەکسان ڤاکسینەکانی دژ بە کۆرۆنا-یان تیادا دابەشنەکراوە.
لە رووی زۆری وەرگرتنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا، کیشوەری ئاسیا بە وەرگرتنی ٢٦٠ ملیۆن و ١٣ هەزار ڤاکسین لە ریزبەندی یەکەمدا دێت.
دوای ئەو وڵاتانی ئەمریکای باکوور بە وەرگرتنی ١٦٩ ملیۆن و ٨٢ هەزار ڤاکسین لە ریزبەندی دووەم و کیشوەری ئەورووپا بە وەرگرتنی ١٢٨ ملیۆن و ٦٦ هەزار ڤاکسین لە ریزبەندی سێیەمدا دێت.
بەڵام نیوەی باشووری زەوی ژمارەیەکی زۆر کەمتر ڤاکسینیان بەرکەوتووە؛ وڵاتانی ئەمریکای باشوور ٣٩ ملیۆن و ٣٥ هەزار و کیشوەری ئەفریقا ١١ ملیۆن و ٤٢ هەزار ڤاکسینیان بەرکەوتووە.
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19) لە ئێستادا بە زیاتر لە ٢٠٠ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە ١٣٠ ملیۆن و ٢٠٦ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و زیاتر لە دوو ملیۆن و ٨٢٠ هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمار کراون.