Ali Cura
02 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2021
مۆسکۆ- AA
گوتەبێژی کۆشکی کرێملین، دمیتری پێسکۆڤ باس لەوە دەکات ئەگەر هاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکراینا بکرێت ئەوا رووسیا رێوشوێنی زیاتر دەگرێتەبەر.
پێسکۆڤ، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان دەربارەی هەڵوێستی رووسیا لە بەرامبەر داواکردنی هاوکاری سەربازیی لە ناتۆ و ئەمریکا لەلایەن ئۆکراینا-وە رایگەیاند: "وەها سیناریۆیەک لە نزیک سنووری رووسیا دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان. بێگومان لە وەها دۆخێکدا پێویستە رووسیا رێوشوێنی زیاتر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی بگرێتەبەر".
گوتەبێژەکەی کۆشکی کرێملین، جەختی لەوەش کردەوە کە بە دوژمن ناساندنی رووسیا بەهیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نییە و گوتی: "رووسیا، هیچ کات هەڕەشەی لەسەر کەس دروست نەکردووە و دروستیشی ناکات. هەڵوێستی ئێمەش هەر لەسەر ئەم بنەمایە دایە".
پێسکۆڤ، گرژییەکانی سەر سنووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا-ی بە شتێکی "ترسێنەر" ناوبرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزە سەربازییەکانی ئۆکراینا زۆر جار هەوڵی ئەنجامدانی دەستدرێژییان بۆسەر رووسیا داوە.
- بەڵێنی واشنتۆن بۆ هاوکاریکردنی کییەڤ
جێی وەبیرهێنانەوەیە وەزارەتی بەرگری ئۆکراینا، ئەوەی راگەیاندبوو کە واشنتۆن بەڵێنی پێداون ئەگەر بارودۆخی شاری دۆنباس ئاڵۆز ببێت، هاوکارییان پێشکەش بکات.
نوسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکراینا-ش باسی لەوە کردبوو کە ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆ-ن و هاوسنوورن لەگەڵ رووسیا و پێویستە ئامادەبن بۆ جەنگ و خۆیان بەهێز بکەن.