Sarmand Hameed
27 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2021
هەولێر- AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٧٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٧٤٩ کەس چاکبوونەتەوە، پێنج کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٧٠ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، زۆرترین ژمارەیان لە سلێمانی بووە بە ٢٤١ کەس، ١٨٨ لە دهۆک، ١٧٣ لە هەولێر، ٥٨ لە گەرمیان، ١٠ کەس لە هەڵەبجە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٧٤٩ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٢٤٤ کەس، ٢٢٢ لە سلێمانی، ٢٠٧ لە هەولێر، ٥٤ لە گەرمیان، ١٧ لە هەڵەبجە و پێنج کەسیش لە راپەڕین.
هەروەها لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، پێنج کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، سێ کەس لە سلێمانی و دوو کەس لە هەولێر.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، یەک ملیۆن و ٨٤٠ هەزار و ٧٦٤ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا، ١٦٨ هەزار و ٢٧ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و چوار هەزار و ٢٥٣ کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ١٥٣ هەزار و ١٠٥کەسیان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و ١٠ هەزار و ٦٦٩ کەسیش لەژێر وەرگرتنی چارەسەرییدا ماون.