Hawkar Yaseen
25 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە هەرێمی کوردستان، ٨٢٨ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارە لە هەولێر بووە بە ٣٣١ تووشبوو، ٣٢٢ لە دهۆک، ١٣٨ لە سلێمانی و لە پارێزگای هەڵەبجەیش ٣٧ تووشبوو.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٤٠ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە کە زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٢٣٢ کەس، ١٢٨ کەس لە هەولێر، ٢٤ کەس لە سلێمانی، ٢٩ کەس لە گەرمیان و لە هەڵەبجەش ٢٧ کەس.
هەروەها لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٥ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە هەشت کەس، حەوت کەس لە سلێمانی، سێ کەس لە دهۆک، چوار کەس لە راپەڕین، یەک کەس لە گەرمیان و دوو کەسیش لە هەڵەبجە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، ٦٠٧ هەزار و سێ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، ٦٨ هەزار و ٨٧٢ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە.
لەو ژمارەیەش تا ئێستا، ٤٠ هەزار و ١٠١ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٢٦ هەزار و ٤٥٧ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
تاوەکو ئێستاش لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و ٣١٤ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.