Ömer Tuğrul Çam
12 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2023
ڤیلنیوس - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی ئەوەی ئاشکرا کرد کە تا کاتێک ئەندامێتی ناتۆ بەدەستدەهێنن، دەیانەوێت دڵنیایی ئەمنییان پێ بدرێت و لە میانی لووتکەی ناتۆدا لەپاڵ قسەکردن لەسەر هاوکاری سەربازیی بۆ وڵاتەکەی، باس لەم بابەتەش دەکات.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ناتۆ-ئەنجوومەنی ئۆکراینا کە لە چوارچێوەی لووتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوس پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت، گەیشتە ئەو وڵاتە و لە میانی لێدوانێکیشیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوە کرد کە لە میانی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا، چەند بابەتێکی گرنگ هەن بۆ ئەوەی قسەیان لەسەر بکات، یەکێك لە بابەتەکان پرسی هاوکارییە سەربازییەکانە بۆ وڵاتەکەی و ئەوانی دیکەش تایبەتن بە ئەندامێتی ئۆکراینا لە پەیمانی ناتۆ.
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەشدا کە دەیانەوێت لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ناتۆ هاوڕابن و رایگەیاند: "ئەوەی ئەمڕۆ گوێم لێبووە و تێگەیشتووم ئەوەیە کە ئەگەر مۆڵەت بە رێوشوێنە ئەمنییەکان بدرێت، ئێمە بۆ ئەندامێتی ناتۆ بانگێشت دەکرێین. دەمەوێت ئەمڕۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکانم دەربارەی ئەم بابەتانە گفتوگۆ بکەم".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی جەختی لەوەش کردەوە کە لە قۆناغی ئەندامێتی ناتۆدا، دڵنیایی ئەمنییان دەوێت.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی دوای بەشداریکردنی یەکەم کۆبوونەوەی ناتۆ- ئەنجوومەنی ئۆکراینا کە لە میانی لووتکەی ناتۆدا ساز دەکرێت، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی ئەنجام بدەن.