Sangar Hamad Azeez
20 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2016
بەڕێوبەری جێبەجێکاری یونسێف ئەنتۆنی لەیک رایگەیاند: "لە حەلەب بە سەدان هەزار منداڵی وەک عومران دەکنێس هەن کە لەژێر داروپەردووی رووخاوی بیناکانی حەلەب ماونەتەوە".
بەڕێوبەری جێبەجێکاری یونسێف لە بەیاننامەیەکدا تیشکی خستە سەر ئەو دیمەنانەی عومڕان دەکنێس-ی تەمەن پێنج ساڵە کە بووە جێی باسی تەواوی میدیاکانی جیهان و گوتی: "لە حەلەب بە سەدان هەزار منداڵی وەک عومران دەکنێس هەن، لەگەڵ ئەوەی کە پێویستە هەرگیز ناخۆشی نەبینن کەچی دووچاری سەدان مەینەتی دەبنەوە لەو تەمەنە، دەبێت بەزەییمان بەو منداڵانە بێتەوە، تەنیا دڵتەنگ بوونمان بۆ ئەو مەینەتیانەی ئەو منداڵانە تێیدا دەژین بەس نییە بەڵکو دەبێت کاری لەسەر بکەین".
ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە لەوەی کەوا ژیانی منداڵانی وەک عومران بەهۆی هەڵگیرساندنی جەنگ لەلایەن گەورەکانی وڵاتەکەیەوە وێران کراوە و هاوکات داواشی کرد کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت لە وڵاتەکە.
عومڕان دەکنێس لەئاکامی وێرانبوون و رووخانی خانووەکان لەژێر داروپەردوودا بە برینداری رزگاری بوو. لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی خرایە ناو ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن و ئەویش لەچاوەڕوانیدا بوو تا بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
وێنەی ئەو منداڵە لەنێو ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریش بوو بە سیمبولی ستەمدیدەی ئەو منداڵانەی کە بەدەستی گەورەکانەوە لە جەنگەکاندا دەبنە قوربانی.