ئەنقەرە
ماوەی ساڵێکە ئاژانسی ئانادۆڵو لە وڵاتانی بەلقان دەستی بە چالاکییەکانی کردووە، مانگی رابردوو ئۆفیسی لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کردەوە.
لەوەتەی ئۆفیسی برۆکسل کراوەتەوە، رێژەی ئابوونەی ئانادۆڵو ئاستی بەرز بۆتەوە. ئیرۆنیوز و دایتشی ویلی کە لە بەناوبانگترین میدیاکانی ئەوروپان، ئێستا لە AA بوونەتە ئابوونەدار.
نووسینگەی AA لە وڵاتی بەلقان لە مانگی ئازاری ٢٠١٢ کرایەوە، ھەواڵ و وێنەو ڤیدیۆ بە زمانەکانی بۆسنی، کرواتی، سڕبی بڵاودەکاتەوە. ئاژانسی ئانادۆڵو لەماوەی دوو ساڵدا بووە کاریگەرترین ئاژانسی ھەواڵنێری لەو پارچەیەی ئەوروپا.
گواستنەوەی ھەواڵ بەشێوەیەکی خێرا وایکرد بە ماوەیەکی کەم AA ببێتە جێی سەرنج و تێڕامان لە ناوچەکە.
سوزانا ستامبوڵ، بەڕێوەبەری یەکەم ئابوونەی AA لە ناوچەکە BHT News گوتی: "ئاژانسی ئانادۆڵو بەشێوەیەکی جیاواز دەستی بەکارەکانی کردو بەھیچ شێوەیەک لایەنگریی دەسەڵات یان ھیچ لایەنێکی دیکەی نەکرد. ئانادۆڵو لەڕووی ھەواڵەوە لە ئاژانسەکانی دیکە دەوڵەمەندترە، ھەر بۆیەش زۆرترین چاودێری ھەیە لەم ناوچەیەدا."
لەسەرەتادا ئاژانسی ئانادۆڵو وڵاتانی بۆسنە و ھەرسک، سڕبیا، کرواتیا، جەبەل ئەسوەد، کۆسۆڤا، سلۆڤینیا، ئەلبانیا، مەقدۆنیای لەخۆگرتبوو. ئەمساڵ سێ وڵاتی دیکە ھاتوونەتە ناو بازنەکە، ئەوانیش رۆمانیا و بولگاریا و یۆنانن.
ئێستا ئاژانسی ئانادۆڵو زیاتر لە ٥٠ ئابوونەداری ھەیە لە وڵاتانی بەلقان.
ئەدھەم فۆجۆ بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنی جەزیرە لە وڵاتانی بەلقان گوتی: "تەلەڤزیۆنەکەمان رۆژانە ھەواڵی ئانادۆڵو بەکاردێنێ. جگە لە ھەواڵ وێنە و ڤیدیۆکانیشی زۆر نایابن. ئانادۆڵو رەھەندێکی جیاوازی بە ھەواڵنێریی ئەم ناوچەیە بەخشی."
سێدین جەنان بەڕێوەبەری کەناڵی تەلەڤزیۆنی TV١ گوتی: "ھاتنی ئانادۆڵو بۆ ناوچەکە بە دەستکەوتێکی مەزن دەزانم. چونکە شێوازێکی جیاوازی لە پەخش پێشکەشکرد. بەھۆی بێلایەنییەوە متمانەی تەواوی راگەیاندنەکانی وڵاتانەی بەلقانی بەدەستھێناوە."