بەیروت
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەیروت دەڵێ ئێستا ھیچ دوکان و بازاڕێک لە ناوچەی نزیک لە تەقینەوەکان ناکرێنەوە، زۆرێکیش لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە ماڵەکانیان بەجێھێشتووە.
لەدوای ئەو تەقینەوەیەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران ناوچەکانی نزیک لە تەقینەوەکە بەتەواوی شێواون و چەندین عەمودی کارەبا و جام و پەنجەرەی ماڵان داڕماون و تێکشکاون.
جەمال یەکێ لەو خاوەن ماڵانەی لە نزیک لە شوێنی رووداوەکە نیشتەجێن، دوای ڕۆژێک لە تەقینەوەکە ھاتووە بۆ دیاریکردنی زیانەکانی، لەو کاتەدا بۆAA گوتی: "شکور بۆ خوا ماڵباتەکەمان ھیچ زیانێکی گیانی بەرنەکەوتووە، بەڵام زیانی زۆر بە ئەشیاو کەلو پەلی خانووەکانمان گەیشتووە. بەڕاستی ھەندێک لە سەرکردە سیاسیەکانی لوبنان خەریکی نانەوەی تۆوی دووبەرەکی و فیتنەن، لەدوای ئەو تەقینەوەیە بڕیارمانداوە بچینە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر بەرین."
لە دوای تەقینەوەکەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران کە تێیدا ئیبراھیم ئەنساری سەرپەرشتیاری رۆشنبیریی باڵیۆزخانەکەو رەزوان فارس، سەرۆکی دەستەی پارێزەرانی باڵیۆزی ئێران کوژران. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و بەرپرسان سەردانی باڵیۆزەخانەکە دەکەن بۆ گەیاندنی پرسەو سەرەخۆشی.
لە بەیروتی پایتەختی لوبنان رۆژی ١٩ی تشرینی دووەم لە ئاکامی تەقینەوەیەک لەبەردەم بینای باڵیۆزخانەی ئێران ٣٢ کەس کوژران و ١٤٧ ی دیکە برینداربوون.