Cüneyt Karadağ
12 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2019
به‌رلین - AA
ئه‌ڵمانیا چالاكییه‌كانی خانه‌ی چاپ و په‌خشی مێزۆپۆتامیا و كۆمپانیای "MIR Multimedia" قه‌ده‌غه‌كرد كه په‌یوه‌ندیان به رێکخراوی تیرۆریستی په‌كه‌كه‌وه هه‌یه.
له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیاوه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه كه به فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆ، هۆرست سیهۆفر چالاكییه‌كانی خانه‌ی چاپ و په‌خشی مێزۆپۆتامیا و كۆمپانیای "MIR Multimedia" قه‌ده‌غه‌كراوه كه په‌یوه‌ندیان به په‌كه‌كه‌وه هه‌یه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه پشتبه‌ستن به یاسای بڵاوكراوه‌كان ده‌ركراوه و له كاتژمێره‌كانی به‌یانییه‌وه له ویلایه‌ته‌كانی رێن ڤێستفالیای باكوور و ساكسۆنیای خواروو هه‌ڵمه‌تی پشكنین له چه‌ند شوێنێكی سه‌ربه‌و خانه‌ی چاپ و په‌خش و بڵاوكراوه‌یه ئه‌نجامدراوه و ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ندێ ئامێردا گیراوه.
وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، هۆرست سیهۆفه‌ر رایگه‌یاند، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه په‌كه‌كه رێكخراوێكی قه‌ده‌غه‌كراوه له ئه‌ڵمانیا، به‌ڵام چالاكن و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێویستییه‌كی یاساییه كه به‌گوێره‌ی یاساكان پابه‌ند بن به قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانه‌وه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه دراوه، له‌و به‌ڵگانه‌ی كه له دامه‌زراوه‌كاندا له پشكنینه‌كانی پێشووتریشدا ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه، گومانه‌كان پشتڕاست بوونه‌ته‌وه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه به‌ته‌نها خزمه‌تی رێكخراوه‌یی په‌كه‌كه ده‌كه‌ن.
راشگه‌یه‌ندراوه چالاكییه بازرگانییه‌كانی هه‌ردوو كۆمپانیاكه له به‌رژه‌وه‌ندیی په‌كه‌كه‌دایه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها وه‌بیرهێنراوه‌ته‌وه کە له ساڵی 1993وه له ئه‌ڵمانیا په‌كه‌كه رێكخراوێكی قه‌ده‌غه‌كراوه و 14 هه‌زار و 500 لایه‌نگری هه‌یه و له‌نێو رێكخراوه بیانییه‌كاندا له‌و وڵاته، زۆرترین لایه‌نگری هه‌یه.