Hemın Othman Mohammed
12 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2016
هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە سەڵاحەددین دەمیرتاش، رەخنەی لە یەكێتی ئەورووپا و ئەڵمانیا گرت بەوەی کە لە قەیرانی پەنابەراندا سیاسەتی بێ بنەما جێبەجێ دەكەن و گوتی: "بێ لێكۆڵینەوە لە سیاسەتەكانی جەنگ و رەخنە گرتن لێی، هەرگیز ناتوانرێت باس لە بابەتی كۆچبەر و پەنابەران بكرێت و، بە تەندروستی گفتوگۆی لەسەر بكرێت".
لە چوارچێوەی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە ئەڵمانیا، دەمیرتاش لە زانكۆی Hertie School of Governance كە یەكێكە لە زانكۆ تایبەتەكانی بەرلین، وتارێكی سەبارەت بە دیموكراسی لە توركیا و رێككەوتننامەی پەنابەران نێوان توركیا یەكێتی ئەورووپا پێشكەش كرد.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هۆكاری شكستهێنانی قۆناغی چارەسەری، دەمیرتاش ئاماژەی بەوە كرد كە قۆناغەكە بە شەفافی بەڕێوە نەچوو، بە دامەزراوەیی نەكراوە و گوتیشی: "كاتێك تەماشای رابردوو دەكەین رەنگە ئەو بابەتەی كە زۆرترین خەفەتی بۆ دەخۆین ئەوە بێت كە دانوستانەكان بە دامەزراوەیی نەكران و شەفاف نەبوون. دەبوایە ئێمە زیاتر گرنگیمان بەو بابەتە بدایە".
گوتیشی: "ئەگەر سەرلەنوێ دەستپێبكرێتەوە، بەڕای ئێمە پێویستە خێرابێت، پێویستە وانە لەو هەڵانە وەربگرین و هەموومان میكانیزمێك دامەزرێنین كە درێژخایەنتر بێت، پێویستە زیاتر متمانەمان بە قۆناغی دانوستانەكان هەبێت، پێویستە قۆناغی دانوستانەكان لە پەیوەستن بە كەسێتیەوە دەربهێنین، دەبێت كەمێك بەدامەزراوەیی بكرێن و بكرێنە قۆناغی كۆمەڵگا، بەو شێوەیە بەڕێوە ببرێت".
دەمیرتاش كە ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت لەسەر دیدار و كۆبوونەوەكانی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ نوێنەرانی پارتی چەپی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەدا كۆببێتەوە.