Muhammet Ali Kemal
16 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن- AA
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ تا ئێستا بەشێوەیەکی گشتگیر دەستی پێنەکردووە.
بەرپرسێکی پێنتاگۆن لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا بەوەی ''ئایا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رزگارکردنی مووسڵ دەستیپێکردووە یان نا؟'' رایگەیاند: ''هێشتا هێرشی گشتگیر و هەمەلایەنە دەستی پێنەکردووە''.
سەبارەت بەوەش کە ئایا بەشێک لەئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردبێت، بەرپرسەکەی پێنتاگۆن گوتی: ''ناتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە''.
هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زانیاریی زۆر سەبارەت بەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ بڵاوکرانەوە.
لای خۆیشییەوە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند ئەو زانیارییانە درووست نیین و دوورن لەراستییەوە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا، لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا رایگەیاند:
''ئەوە دەزانین کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پلانێک بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوەدەکرێت کە پلانی رزگارکردنی مووسڵ بێت. لەسەر ئینتەرنێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر هەواڵی هەڵە هەیە. زۆر کەس وادەزانێت چۆنێتیی و وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەزانێت. ئۆپەراسیۆنەکە پلانی سوپای عێراقە و لەکاتێکدا دەستپێدەکات کە حکوومەتی عێراق دیارییدەکات''.