Zana Natık Kerem
24 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2016
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق، فەریق روكن عەبدلوەهاب ساعدی رایگەیاند، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، هێرشی هێزەکانی دژەتیرۆر بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ژمارەیەک گوند لە سنووری ناحیەی بەرتللە كە هێشتا لە ژێر تیرۆریستی داعشدان، دەستیپێكرد.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، عەبدلوەهاب ساعدی گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێرشی هێزەكانی دژەتیرۆر لە دوو میحوەری رۆژهەڵاتی مووسڵ دەستیپێكرد كە تایبەتە بە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو گوندانەی كە هێشتا لە سنووری ناحیەی بەرتللە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدان".
ساعدی روونیكردەوە هێرشەكە لە میحوەری یەكەم لەسەر رێگەی گشتی بە ئاراستەی كۆنترۆڵكردنەوەی گوندەكانی "ئەلموەفەقییە، بازوایا، گۆگجەلی" و لە میحوەری دووەم بە ئاراستەی كۆنترۆڵكردنەوەی هەردوو گوندی "خەزنە و تۆپزاوە" كە لە سنووری ناحیەی بەرتللە دەكەونە رۆژهەڵاتی مووسڵ، دەستیپێكردووە.
ئەفسەرەكە گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا لە گوندی خەزنە هێزەكانی دژەتیرۆر دژی تیرۆریستانی داعش لەشەڕێكی قورسدان، بەڵام لە كۆنترۆڵكردنەوەی گوندەكە زۆر نزیكبووینەتەوە".