Ekip,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
06 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2023
کیێڤ - AA
دەزگای وزەی ئەتۆمی نیشتمانی ئۆکراینا "ئێنێرگۆئاتۆم"، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئاستی ئاوی ناو بەنداوی کاخۆڤکا بەخێرایی دابەزیوە و ئەمەش مەترسی بۆسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریجیا دروستکردووە.
ئێنێرگۆئاتۆم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هاتووە: "ئەگەر هەیە روخانی وێستگەی هایدرۆئەلەکتریکیی کاخۆڤکا کاریگەری نەرێنی لەسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریجیا هەبێت بەڵام رەوشەکە کۆنترۆڵ کراوە".
لە راگەیەندراوەکەدا بانگەشەی ئەوەش کراوە کە بەنداوی کاخۆڤکا لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە تەقێندراوەتەوە و هاتووە: "ئاستی ئاوی ناو بەنداوەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەگەر هەیە ئەمە بەشێوەیەکی کاتی مەترسی لەسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریجیا دروست بکات".
باس لەوەش کراوە کە بۆ رێگری کردن لە رووداوی نەخوازراو، ئاو بۆ سیستمە ئەمنییەکانی ناو وێستگەکە دابینکراوە و هاتووە: "لە ئێستادا حەوزی سارد کردنەوەی وێستگەکە پڕە. لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانیدا ئاستی ئاوەکە ١٦،٦ مەتر بوو، ئەمەش بەسە بۆ دابین کردنی پێویستییەکانی وێستەگەکە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئێنێرگۆئاتۆم لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی ناو وێستگەکە، چاودێری چالاکییەکانی رووسیا لە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریجیا دەکەن".
رێکخراوی وێستگە هایدرۆ ئەلەکتریکییەکانی ئۆکراینا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: "وێستگەی کاخۆڤکا، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە ژووری ئامێرەکانیدا بەتەواوی داڕوخاوە و وێستگەکە بەجۆرێک وێران بووە کە ناتواندرێت نۆژەن بکرێتەوە".