Zana Natık Kerem
02 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2017
بەیانی ئەمڕۆ بە بڕیای لیژنەی ئازادكردنەكانی پێشووەختە سەربە فەرمانگەی گرتووخانەکان، سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، ئێهود ئۆلمێرت ئازاد كرا.
لەمبارەیەوە ماڵپەری رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت بڵاوی كردەوە كە لیژنەكە بڕیاری كەمكردنەوەی سێیەکی سزا سەپێنداروەکانی سەر ئێهود ئۆلمێرتی دەرکرد، ئەوەش دوای تۆمەتباركردنی بە گەندەڵی.
هاوكات رادیۆی فەرمی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئێهود ئۆلمێرت (٧١ ساڵ) لە زیندانی ماعسیاهو لە نزیك تەل ئەبیب ئازاد كرا دوای ئەوەی ١٦ مانگ تیایدا بەندكرابوو.
لە ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، ئێهود ئۆلمێرت بەر لەوەی ببێتە سەرۆكوەزیران و لەو كاتەی سەرۆكی شارەوانی قودس و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بوو، بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار كرا هەر ئەوەش ناچاری كرد دەستلەكار بكشێنێتەوە.
هەر بە هۆی ئەو تۆمەتەوە، ئێهود ئۆلمێرت لە شوباتی ساڵی ٢٠١٦، خرایە زیندان و دوای ئەوەی سزای ١٩ مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا و بەمەش ناوبراو بووە یەكەم سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل كە دەخرێتە زیندان.
لە ٢٠ی مانگی حوزەیرانی رابردووش بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ، ئێهود ئۆلمێرت لە زیندانەوە رەوانەی نەخۆشخانە كرا.