Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی بۆ عێراق نیشان دا و رایگەیاند كە هاتووە تا پاڵپشتی فەڕەنسا لەم كاتە سەختەدا بۆ عێراق دووپات بكاتەوە.
ئیمانوێل ماكرۆن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "خۆشحاڵم بە سەردانەكەم بۆ عێراق، هاتووم تا پاڵپشتی خۆمان لەم كاتە سەختەدا بۆ عێراق دووپات بكەینەوە".
پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن گەیشتە بەغدا و لەلایەن سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح پێشوازی لێكرا.
ئیمانوێل ماكرۆن لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا بە جیا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی كۆدەبێتەوە.
كۆبوونەوەی سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق تایبەت دەبێت بە قسەكردن لەسەر ژمارەیەك رۆژەڤی گرنگ لەوانە سەرەوەری عێراق.
چاوەڕوان دەكرێت دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیمانوێل ماكرۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆببێتەوە.
پێشتر ئیمانوێل ماكرۆن رایگەیاندبوو كە بەهۆی کەمی كاتی سەردانەكەی بۆ بەغدا ناتوانێت سەردانی هەولێر بكات، بۆیە داوای لە نێچیرڤان بارزانی كردووە كە لە بەغدا چاوی پێ بكەوێت.
دوێنێ سێشەممە ئیمانوێل ماكرۆن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو كە ئەمڕۆ سەردانی عێراق دەكات و لە میانیدا بە هاوكاری لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان، دەستپێشخەرییەك بۆ پاڵپشتیكردن لە سەرەوەریی عێراق دەخاتەڕوو.