Hande İlbeyi Canca
21 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەرانی حکوومیمان زیاد کرا، شتێک نییە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینانیش زیاد نەکەین، پشتیوان بەخوا هەنگاوگەلێک دەگرینەبەر کە ئەوانیش دڵخۆش بکات''.
لە کاتی گەڕانەوە لە هەنگاریا، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، لە ناو فڕۆکەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد ئەو سەردانەی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، ڤیکتۆر ئۆربان ئەنجامیدا تەواو کردووە و ڕایگەیاند: ''سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ئۆربان و سەرکۆماری وڵاتەکە نۆڤاک و تەواوی دۆستانی هەنگاریمان دەکەم بۆ ئەو میواندارییەی لە خۆم و شاندەکەمیان کرد''.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لەو سەردانەیاندا هاوبەشی دڵخۆشی گەلی هەنگاریا بوون بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانییانەوە.
سەرکۆماری تورکیا، لە بارەی زیادبوونی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومی و دۆخی خانەنشینانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: ''لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەرانی حکوومیمان زیاد کرا، شتێک نییە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینانیش زیاد نەکەین، پشتیوان بەخوا هەنگاوگەلێک دەگرینەبەر کە ئەوانیش دڵخۆش بکات''.
سەبارەت بە بەیاننامەی هەڵبژاردنی ئاک پارتی کە پلانی کاری بەپەلەی تیابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتی سروشتیی، ئەردۆغان ڕایگەیاند: "پێشبینی وەرچەرخانی ١،٥ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون دەکەین بۆ ئیستانبوڵ، بۆ ئەمەش کاتمان نییە بەفیڕۆی بدەین. لە بارودۆخێکدانین هیچ کارێک بە قورسیی وەرگرین جا چ بۆ ناوچەی بوومەلەرزە بێت یان لە پارێزگاکانی دیکەماندا".
سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "هاووڵاتیانمان با دڵیان ئاسوودە بێت، کادیرانی ئابوورییمان ئەهلی کارەکەن. وەک دەسەڵاتێک کە لە تورکیادا ڕێژەی هەڵئاوسانی دابەزاندووە بۆ تاک خانەیی، با باوەڕ بە کادرانی ئاک پارتی بکەن کە هەڵئاوسان سەرلەنوێ دادەبەزێن بۆ تاک خانەیی".
سەبارەت بە ڕەوشی وڵاتی نیجەر، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان ڕایگەیاند: "سوورین کە چۆن ڕۆڵی کاریگەرمان بگێڕن. بڕیاری دەستوەردانی سەربازیی کۆمەڵگای ئابووریی دەوڵەتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا بە دروست نازانین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "ئەگەر سوید نەتوانێت شەقامەکانی ستۆکهۆڵم کۆنترۆڵ بکات، هێرش بۆ سەر پیرۆزییەکانمان بەردەوام بێت، ئەوا با ببوورن...".
هەروەها سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین، ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''لەگەڵ پوتیندا ڕووبەڕوو کۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەکەین. ڕەنگە وەزیری دەرەوە لەم نزیکانەدا سەردانی ڕووسیا بکات، چونکە ئەم کارە پێویستی زۆری بە کۆبوونەوەی ڕووبەڕووە''.