جنێڤ
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راپۆرتی چاودێریی "مینی کەسی"ی ساڵی ٢٠١٣ لە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتەوەکان لە جنێڤ ئاشکرا کرا.
لە کۆنگرەکەدا یەکێک لە بڵاوکارانی ڕاپۆرتەکە بەناوی جێف ئەبرامسۆن ئاماژەی بە زیانەکانی مینی کەسی لە ساڵی ٢٠١٢دا کرد. ئەبرامسۆن گوتی "ڕۆژانە نزیکەی ١٠ کەس بەھۆی ئەو مینانەوە زیانیان بەر دەکەوێت، ئەم ژمارەیە جیاوازیەکی گەورەی لەگەڵ ساڵی ١٩٩٩ ھەیە، کە ڕۆژانە ٢٥ کەس زیانیان بەردەکەوت."
گوتیشی: یەکێک لەو ھۆکارانەی کە توانی زیانی مینی کەسی لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٢ دابەزێنێ رێکەوتنامەی قەدەغەکردنی مین بوو لە ساڵی ١٩٩٧، ئەو رێکەوتنامەیە سودێکی زۆری ھەبوو بۆ کەمکردنەوەی مین لە وڵاتان.
گوتیشی: ساڵی ٢٠١١ چوار ھەزار و ٤٧٤ کەس بەھۆی مینەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە ڕاپۆرتی ٢٠١٢ %١٩ کەم بوەتەوە، واتە بۆ سێ ھەزار و ٦٢٨ کەس دابەزیوە.
بەپێی راپۆرتەکە ساڵی پار ئەفغانستان گەورەترین زیانی بەر کەوتوە، ٧٦٦ کەس لە ئەفغانستان زیانیان بەرکەوتووە و لەنێویاندا مردوش ھەیە، لە دوای ئەفغانستان وڵاتانی "کۆڵۆمبیا ، یەمەن، پاکستان، کۆڵۆمبیا، ئیران، سودان، میانمار" ریزبەندی راپۆرتەکەیان گرتووە.
لە کۆنگرەکەدا بەرپرسی بەشی سیاسی قەدەغەکردنی مین مارک ھیزنای گوتی: بەھۆی رێکەوتنامەی قەدەغەکردنی مینی کەسی، ژمارەی مین لە ناوچەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو ھاتووەتە خوارەوە، بەڵام دەمانەوێت ئەم جۆرە مینانە بەتەواوەتی نەھێڵین.
ھیزنای ئاماژەی بەوە کرد دوای رێکەوتنەکە یەمەن لە چاندنی "مینی کەسی" بەردەوام بووە، ئەوەیش جێگای نیگەرانیە کە یەکەم دەوڵەتی ئەندامە بەو شێوەیە کاردەکات.
لە ساڵی ٢٠١٢ لە یەمەن ٢٦٣ کەس بەھۆی مین-ەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١١ دا ژمارەکە ١٩ کەس بوو.
ھیزنای ھۆشداری دایە یەمەن کە دەبێت بەزووترین کات خاکەکەی لە مین پاک بکاتەوە، ھەروەھا رێگری لە چاندنی مین بکات بۆ ئەوەی خەڵکی وڵاتەکەی زیانی زیاتریان بەرنەکەوێ.
گوتیشی: وڵاتانی سوریا و میانمار لە ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ مینی کەسییان بەکارھێناوە، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٣ ھەندێ لە گروپەکانی دەرەوەی حکومەتی ئەفغانستان و کۆڵۆمبیا، پاکستان، سوریا ، تایلاند، تونس و یەمەن مینی کەسییان بەکارھێناوە.
ناوچە پاک کراوەکان
بەپێی ڕاپۆرتی ٢٠١٢ بەراورد بەساڵانی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کراوە و روبەری ٢٨١ کیلۆمەتر لە مین پاک کراوەتەوە، ھەروەھا ٢٤٠ ھەزار مینی کەسی لەناو براون. لەڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١١دا ئەم روبەرە تەنھا ١٩١ کیلۆمەتر بوو، ٢٤٥ کیلۆمەتری ناوچەی شەڕ و پێکدادانەکان لەساڵی ٢٠١٢ لە مین پاک کرانەوە.
"بەپێی رێکەوتنامەی پاککردنەوەی مین دەبوو وڵاتان لە ماوەی ١٠ ساڵدا خاکەکەیان لە مین پاک بکەنەوە، لەساڵی ٢٠١٢ ھەریەک لە وڵاتانی "کۆماری کۆنگۆ، دانیمارک، گامبیا، ئوردون، ئوگاندە" پاککردنەوەی خاکی وڵاتەکەیان لە مین راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێ وڵاتانی "بوتان، مەجەریستان، ڤەنزوێلا " لە ماوەیەکی نزیکدا پاککردنەوی خاکی وڵاتەکەیان لە مین رابگەیەنن.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی پاککردنەوەی مینی نێودەوڵەتی، نزیکەی سێ ھەزار و ١٧٤ ناوچەی مین لە رووبەری ٢١٤ کیلۆمەتر لە تورکیا ھەیە، ھەروەھا دەبێت پشکنین بۆ ٣٤٦ ناوچە بکرێت.
پێشتر تورکیا ڕایگەیاندبوو ناتوانێت سەرجەم ناوچەکان لە ساڵی ٢٠١٦ لە مین پاک بکاتەوە کە بڵاوترینیان لە ناوچەکانی نێوان سنوری سوریا و تورکیا چێنراون، تورکیا داوای کردبوو تا مانگی ئاداری ٢٠٢٢ مۆڵەتی پێ بدرێت.