31 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2019
كابول ــ AA
حكوومەتی ئەفغانستان رایگەیاند كە ئەمڕۆ شەممە لە ئاكامی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆسەر چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە هەرێمی کوندوز باكووری ئەو وڵاتە، ٢٦ چەكدار كوژراون.
لەوبارەوە گوتەبێژی حكوومەتی ئەفغانستان، فەیروز بەشیری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، كە دوای ئەو پەلامارەی كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە لایەن چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە كرایە سەر چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوندوز، هێزە ئەمنییەكان هێرشیانكردە سەر چەكدارانی بزووتنەوەكە لە ناوچەی زاخیل.
فەیروز بەشیری ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە ئاكامی هێرشەكەدا، ٢٦ چەكداری بزووتنەوەی تاڵیبان كوژراون.
ناوبراو چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانی بەوە تۆمەتبار دەکات كە خەڵكی مەدەنی وەك قەڵغانی مرۆیی بەرامبەر بە هێرشی هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان بەكار دەهێنێن، بەڵام لای خۆیەوە گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید ئەو تۆمەتەی رەتكردەوە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان پەلاماری چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوندوزیان دا كە لە میاندا شەڕ و پێكدادان لە نێوان چەكدارانی تاڵیبان و هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستاندا روویدا.
گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهد ئاشكرایكردووە كە لە شەڕ و پێكدادانەكەدا، ١٠ كارمەندی هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان كوژراون.
پێشتر سەرۆكایەتی ئەفغانستان راگەیاندبوو كە هێزەكانیان بەرپەرچی پەلامارەکەی چەكدارانی تاڵیبانیان داوەتەوە لە هەرێمی كوندوز.