Zana Natık Kerem
12 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2018
كابول ــ AA
لە ئاكامی هێرشێكی چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان كە كۆمەڵگەیەكی حكوومی لە ویلایەتی غەزنی باشووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان كردە ئامانج، چوار بەرپرسی خۆجێی و 15 پۆلیس كوژران.
ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشییەتید پرێس بڵاوی كردەوە، ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستان، محەمەد عارف رایگەیاندووە كە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەك چەكداری بزووتنەوەی تاڵیبان هێرشیانكردە سەر كۆمەڵگەیەكی حكوومی لە ناوچەی خوجە عومری سەر بە شاری غەزنی.
محەمەد عارف ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ئاكامی هێرشەكەدا، بەڕێوەبەری هەواڵگری و پارێزگاری ناوچەی خوجە عومری، عەلی دۆست شەمس و پەرلەمانتارێك و جێگری بەرپرسی پۆلیس لەگەڵ 15 پۆلیسدا كوژراون.
لای خۆیەوە جێگری فەرماندەی پۆلیس لە ویلایەتی غەزنی، رەمەزان عەلی موسینی رایگەیاند کە لە میانی هێرشەكەدا، شەڕو پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی تاڵیباندا روویداوە.
رەمەزان عەلی ئاماژەی بەوەشداوە كە لە میانی شەڕ و پێكدادانەكەدا، 25 چەكداری تاڵیبان كوژراون.
بە پێی ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشییەیتد پرێس، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهد بەرپرسیارییەتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەكە راگەیاندووە و ئاماژەی بەوەدا كە لە ئاكامی هێرشەكەدا، 20 پۆلیس كوژراون.