Abdulhameed Husseın Karam,Zana Natık Kerem
20 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند كە 204 ملیۆن دۆلاری دیكە لە چوارچێوەی یارمەتییە مرۆییەكاندا، پێشكەش بە گەل و پەنابەرانی عێراق لە ناوچەكە، كردووە.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو ئەو وڵاتە، مایك پۆمپیۆ ئاشكرای كردووە كە بڕی 204 ملیۆن دۆلاری دیكەی لە چوارچێوی یارمەتییە مرۆییەكان پێشكەش بە گەل و پەنابەرانی عێراق لە ناوچەكە، كردووە.
مایك پۆمپیۆ ئاماژەی بەوە داوە كە بەوەیش لە ساڵی 2019وە تا ئێستا، 706 ملیۆن دۆلاریان لەڕێگەی نووسینگەی نیشتەجێكردن و كۆچ و كۆچبەران لە وەزارەتی دەرەوە و نووسینگەی یارمەتییە مرۆییەكانی سەربە ئاژانسی ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی پێشكەش بە عێراق كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە جگە لەوەیش ئەمریكا بڕی 49 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری لە چوارچێوەی یارمەتییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، پێشكەش بە عێراق كردووە، هەروەها تا ئێستا لە ساڵی دارایی 2020یشدا، 22 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی 244 هەزار پەنابەری سووریا لە عێراق تەرخان كردووە.
باس لەوەیش كراوە كە لەو یارمەتییە داراییانەی ئەمریكا، پێداویستییە تەندروستییە سەرەكییەكان و یارمەتیی خۆراك و ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی دیكە لە سەرتاسەری عێراق دابین دەكرێت، هەروەها بەو پارەیە كار لەسەر باشتركردنی ژیان و گوزەران و گەیشتن بە دەرفەتێكی باشتری فێركردن لە عێراق دەكرێت.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، مایك پۆمپیۆ رایگەیاندووە "ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان بە عێراق كە لەگەڵ ستراتجییەتیی ئاسایشی نەوتیمان دەگونجێت، ئێمە ستایشی سەرجەم ئەو لایەنە كۆمەكبەخشانەیش دەكەین كە یارمەتیی مرۆییان پێشكەش بە عێراق كردووە و داواش لە سەرجەم لایەنە كۆمەكبەخشەكان دەكەین كە یارمەتیی زیاتر لە بواری مرۆییدا پێشكەش بە عێراق بكەن".
ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی كە ئێستا سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەردانێك لە واشنتۆنە و چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆشكی سپی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كۆببێتەوە.