واشنتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ( پەنتاگۆن) جۆن كێربی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پرسی راگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لە سوریا وەكو بژاردەیەكی سەربازی لەسەر مێزی ئەمریكادا نییە."
كێربی گوتی: "چەندین جار لە بارەی ناوچەی دژە فڕینەوە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا گفتوگۆمان كردووە و ئەو بابەتە وەكو بژاردەیەكی سەربازی كە گفتوگۆی لەسەر بكرێ لە ئێستادا لەسەر مێزماندا نییە و تا ئێستا ئەو پرسە لە ئەمریكا نەبووەتە بابەتی گفتوگۆ بەڵام لە بواری رۆتینیدا لەگەڵ توركیا باس لەو پرسە كراوە."
كێربی لە بارەی رۆڵ و پێگەی توركیا لە نێو ھاوپەیمانی جیھانی دژی داعش گوتی: "وەزیری بەرگری چاك ھێگل لەو بوارەدا زۆر بە راشكاوی قسەی كردووە و بێگۆمان دەمانەوێ رۆڵ و ھاوكارییەكانی توركیا ببینین، دەمانەوێ توركیا ھاوكار بێ، بە ھۆی دراوسێ بوونی توركیا و بوونی توركیا لە ناوچەكەدا لە بواری سەربازی ئەو زانیارییانە لای ئێمە نین لای توركیان."
كێربی بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "توركیایش دەیەوێ لە نێو ئەو ھاوپەیمانیدا رۆڵێكی ھەبێ و حكومەتی توركیا دەتوانێ لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكان و بە ھاوكاری و پشتگیری خەڵكی توركیا رۆلێكی باش بگێڕێ، بەڵام ئێمە وەكو ئەمریكا ھیچ جۆرە داواكارییەكمان ئاراستەی ھیچ وڵاتێك نەكردووە. چونكە ئەمە ھاوپەیمانییەك نییە كەلەسەر بنەمای داواكاری دامەزرابێ، توركیایش خاوەن سوپایەكی بەھێز و كاریگەرە."
كێربی لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی كۆبانێیەوە گوتی: "گوشارەكانمان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە كۆبانێ بەردەوام دەبن. بەڵام بە تەنیا ھێرشە ئاسمانییەكان بۆ رزگار كردن و پاراستنی كۆبانێ بەس نین. لە سوریا بە پێچەوانەی عێراقەوە ھێشتا ھیچ ھاوپەیمانێكی ناوخۆیی بەھێز و خاوەن ویست بۆ شەڕی دژی داعش دەست ئەمریكا نەكەوتووە. یەك لە كێشە سەرەكییەكانمان لە سوریا ئەوەیە كە ھێشتا لەو وڵاتە پێكھاتەیەكی چالاكی سەربازی بوونی نییە كە لەلایەن خەڵكەوە قەبووڵ كرابێ و ئەمەیش فاكتەرێكە بۆ سنووردار كردنی ھەوڵی ھاوپەیمانان، ئەمە راستییە. ھەر بۆیە بەر لە ھەر شتێك دەستمان بە ئامادەكاری بۆ راھێنانی ھێزێكی سەربازی ناوخۆیی سوریا كردووە."
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كێربی جەختی لەوە كردەوە كە ھیچ جۆرە ھەماھەنگی و ھاوكارییەكی باش لە نێوان كوردەكانی رۆژئاوا و ئەمریكادا نییە.