واشینتۆن
ھێزەكانی ئەمریكا چەك و تەقەمەنی و پێداویستی تەندروستییان لە رێگای ئاسمانەوە بۆ ھێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە كۆبانێ ناردووە كە دژ بە چەكدارانی رێكخراوی داعش لە جەنگدان.
بە پێی لێدوانێكی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی سوپای ئەمریكا، ھێزە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ پشتگیریكردنی ھێزەكانی یەپەگە كە لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش بەرگری لە شاری كۆبانێ دەكەن ئەمڕۆ لە رێگای ئاسمانەوە ھاوكارییەكی زۆریان گەیاندووەتە شەڕڤانانی یەپەگە.
فڕۆكەیەكی جۆری جی ١٣٠ ئەمریكی كە تایبەتە بە گواستنەوەی ئەو چەك و تەقەمەنییانەی لە لایەن حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ئامادە كرابوون لەگەڵ بڕێك ھاوكاری تەندروستی گواستراوەتەوە بۆ شەڕڤانانی یەپەگە كە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكەن و دوای گەیاندنی ئەو ھاوكارییە فڕۆكەكە بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی.
لە بەشێكی دیكەی ئەو لێدوانەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە فەرماندەیی ئەمریكا تا ئێستا ١٣٥ ھێرشی ئاسمانیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە كۆبانێ ئەنجامداوە و ئەو ھێرشانە بوونە ھۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش نەتوانن پێشڕەوی بكەن و بە سەدان تیرۆریستی داعش بە ھۆی ئەو ھێرشانەوە كوژراون و بڕێكی زۆری چەك و ئۆتۆمبێلی سەربازی تیرۆریستانیش لە ناو براوە.
بە پێی لێدوانەكەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی سوپای ئەمریكا، سەرەڕای ئەو ھێرشە ئاسمانییانە داعش ھێشتا بەردەوامە لە ھێرش كردنە سەر كۆبانێ و باری ئەمنی لە كۆبانێ كە لە لایەن شەڕڤانە كوردەكانەوە لە بەرامبەر داعش دەپارێزرێ ھێشتا ئاڵۆزە و ھێشتا ئەگەری داگیركردنی كۆبانێ لە لایەن داعشەوە لە ئارادایە.
بەرپرسێكی ئەمریكایی لە بارەی ناردنی چەك و تەقەمەنی و ھاوكاری مرۆیی بۆ شەڕڤانانی كورد لە كۆبانێ لە لایەن ئەمریكاوە گوتی: "سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی لەو پرسە ئاگادار كردووەتەوە."
ئەو بەرپرسە ئەمریكییە كە لە رێگای تەلەكۆنفرانسەوە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان داوە ئاماژەی بەوە كردووە كە لە كۆبانێ شەڕێكی قورس لە نێوان تیرۆریستانی داعش و شەڕڤانە كوردەكان لە ئارادایە بۆیە لەو چوارچێوەیەدا ئەمریكا دەستی بە جموجووڵ كردووە و ئەو چەك و تەقەمەنییەی لە لایەن حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ئامادە كرابوو لە رێگای فڕۆكە بارھەڵگرەكانەوە گواستراوەتەوە بۆ كۆبانێ و كۆی گشتی ئەو ھاوكارییانەی ٢٧ بارھەڵگر بووە و پێكھاتووە لە چەكی سووك، تەقەمەنی و ھاوكاری مرۆیی و تەندروستی.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەمە یەكەمجارە كە ھاوكاری شەڕڤانە كوردەكان كراوە و بۆ چی راستەوخۆ لە لایەن ئەمریكاوە ئەو ھاوكارییانە گواستراونەتەوە؟ ئەو بەرپرسە ئەمریكییە گوتی: "ماوەیەكە ھاوكارییەكان بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا زیادی كردووە و بڕیار دراوە كە لە رووی سەربازیشەوە ھاوكاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا بكرێ. بەڵام رەوشی كۆبانێ رەوشێكی نائاساییە و پێویستە بەپەلە ھاوكاری بكرێ و لەو چوارچێوەیەدا حكومەتی ھەرێمی كوردستان ویستوویەتی ھاوكاری كۆبانێ بكات و ئەمەیش تاقە رێگای بە پەلە گەیاندنی ھاوكارییە بۆ ئەو شەڕڤانانەی لە كۆبانێ شەڕی داعش دەكەن و ئەمریكایش بۆ ئەوەی ئەو ھاوكارییانە بگەنە جێی خۆیان لە رووی گواستنەوەوە ھاوكاری كردووە."
لە وەڵامی پرسیاری خەڵكی مەدەنی لە كۆبانێ نەماوە و دەگوترێ چەند سەد كەسێك لە كۆبانێ ماوە بۆ چی ئەمریكا ئێستا دەیەوێ ھاوكاری مرۆیی بگەینێتە كۆبانێ؟ بەرپرسە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوە كرد كە "داعش هەر شوێنێك كە داگیری كردووە بەبێ جیاوازی كۆمەڵكوژی ئەنجامداوە و ماوەی چەند رۆژە تیرۆریستانی داعش ھێز و چەك و تەقەمەنییەكی یەكجار زۆری بۆ كۆبانێ گواستووەتەوە و ئەمەیش بووەتە ھۆی ئەوەی كە ئێمەیش زیاتر ھێرشی سەر تیرۆریستانی داعش بكەن."
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا ئەو ھاوكارییانە رێگری لە داگیركردنی كۆبانێ دەكەن یا نا؟ ئەو بەرپرسە ئەمریكییە گوتی: "بە ھۆی ئاڵۆزبوونی رەوشی ناوچەكەوە توانای زانینمان لەو بارەوە نییە و ھاوكارییەكانیش بۆ دابین كردنی پێداویستییە بەپەلەكانی ئەو شەڕڤانانە بووە كە لە شارەكەدا شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن."
كاربەدەستانی ئەمریكا لە بارەی گەیاندنی ئەو ھاوكارییانەوە وەڵامی پرسیارێكی دیكەیان دایەوە كە ئایا لەو بارەوە توركیا ئاگادار كراوەتەوە یا نا و لە وەڵامدا جەخت لەوە كراوە كە "ماوەیەكە بە بەرپرسانی توركیا دەڵێن كە پێویستە بە پەلە ھاوكاری كۆبانێ بكرێ و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەندین بەرپرسی توركیادا دیدار و گفتوگۆ ئەنجامدراوە. دواجار سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سەركۆماری توركیا كردووە و باسی لە گەیاندنی ھاوكاری بۆ كۆبانێ و گرنگی ئەو ھاوكارییانە كردووە. ئەمریكا لە نیگەرانییەكانی توركیا بەرامبەر گروپە كوردییەكان و گروپەكانی دیكە تێدەگات بەڵام داعش دوژمنی ھاوبەشی ئەمریكا و توركیایە و ھەوڵدان بۆ لاواز كردن و لە ناوبردنی داعش لەگەڵ توركیا باشترین رێگایە و لەو چوارچێوەیەدا ھەر چەند دانوستانەكان بەردەوام بن لە چەندین بواری دیكەدا ھاوكاری و ھەماھەنگی لە نێوان توركیا و ئەمریكادا ھەیە و لە دیدارەكانی داھاتووی نێوان ئەنقەرە و واشینتۆنیش باس لەو پرسانە دەكرێ."
كاربەدەستانی ئەمریكا باسی ئەوە دەكەن كە لەو بارەوە توركیا بۆ ئەمریكا ھاوپەیمانی گرنگە و ئەمریكا گرنگی بە ھاوپەیمانی خۆی لەگەڵ توركیا دەدات و توركیا ھەمیشە وەكو ھاوپەیمانی ئەمریكا دەمێنێتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریكییە راشیگەیاندووە كە "ئێمە بەردەوام دەبین لە دۆزینەوە رێگای ھاوكاری كردنی كۆبانێ و یەك لەو رێگایانەیش گەیاندنی ھاوكاری لە رێگای زەمینییە و بۆ ئەو مەبەستەیش لەگەڵ توركیادا لە دانووستانداین و بەردەوام دەبین لەسەر دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەو شەڕڤانانەی شەڕی داعش دەكەن."
news_share_descriptionsubscription_contact

