Abdullah Shukur
06 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ھەڵوێستی نوێی وڵاتەکەی لەبارەی قودس ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "کاتی ئەوە ھاتووە بە شێوەیەکی فەرمی شاری قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل بناسێنرێت. فەرمانم بە وەزارەتی دەرەوەمان داوە کە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەمان لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دەست پێبکات".
ترەمپ لە لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی، ھەڵوێستی نوێی ئەمریکای لەبارەی قودس ئاشکرا کرد.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە لە روانگەیەکی نوێیەوە دەڕواننە کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و راشیگەیاند بە فەرمی شاری قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل دەناسێنن.
دۆناڵد ترەمپ بە ئاماژەکردن بە یاسای قودس لە ساڵی ١٩٩٥ کە ئەمریکا لەو کاتەوە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل دەناسێت و پێشنیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دەکات، گوتی: "زیاتر لە ٢٠ ساڵە گشت سەرۆکەکان جێبەجێکردنی ئەم یاسایەیان دواخست و وەک پاساوێک بۆ ئەمە ھەوڵەکانی ئاشتیان نیشان دا. لە دوای ئەم قۆناغە، لە ئێستادا لە ھەموو کاتێک زیاتر لە ئاشتی ھەمیشەیی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین نزیکین. بۆیە لە ئێستادا کاتی ئەوە ھاتووە بە شێوەیەکی فەرمی شاری قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل بناسێنرێت".
- باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس دەگوازرێتەوە
ترەمپ لەبارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیب، رایگەیاند "فەرمانم بە وەزارەتی دەرەوەمان داوە کە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەمان لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دەست پێبکات". ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترەمپ ھیچ بەروارێکی دیاریکراوی بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکە ئاشکرا نەکرد.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "وەک ئەمریکا ھێشتا پشتیوانی لە چارەسەریی دوو دەوڵەت لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەکەین".