Mazın Asad
06 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم، لەبارەی پلانی ئەمریکا بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل گوتی: "جگە لە چارەسەریی دوو دەوڵەت، ھیچ جێگرەوەیەکی نییە".
دوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی تورکیا و ئوردن، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
شای ئوردن لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند لە کۆبوونەوەکە جگە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، تاوتوێی ئەو کێشانە کراوە کە رووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە.
عەبدوڵڵای دووەم ئاماژەی بەوە دا کە لە نێوان تورکیا و ئوردن پەیوەندییەکی قولی مێژوویی ھەیە و پیرۆزبایی ٧٠ھەمین ساڵیادی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان ھەردوو وڵاتی کرد و باسی لەوەش کرد کە ھەوڵ دەدەن پەرە بە کاری ھاوبەش لە رووی سیاسی، ئاسایش و ئابووری لەگەڵ تورکیا بدەن.
شای ئوردن جەختی لەوەش کردەوە کە لەبارەی پێشھاتەکانی ناوچەیی، لە ھەموو کاتێک زیاتر ھەردوو وڵات پێویستیان بە راوێژکردن لەگەڵ یەکتر ھەیە و گوتیشی: "لە بابەتی قودس، پشتیوانی لە وڵاتەکەمان دەکەن. لە پێناو زاڵبوون بەسەر ئەم پرسە گەورەیە، تاوتوێی ئەوەمان کرد کە چۆن پێکەوە دەتوانین زیاتر کار بکەن و باسمان لەو پرسانەش کرد کە ھەم ئومەتەکەمان و ھەمیش ناوچەکەمان رووبەڕووی بووەتەوە. پرسی قودسیش وەک خاڵێکی گرنگ لەسەری کۆکین، بەڵام چارەسەریی دوو دەوڵەتی، ھیچ جێگرەوەیەکی نییە".
گوتیشی: "دوێنێ نیگەرانی خۆمان لەبارەی بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس بە سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند. بۆیە لەم ھەنگاوەدا پێویستە خێرا کار بکەین. پێویستە فەڵەستینی و جوولەکەکان بگەن بەرێککەوتنی ئاشتی کۆتایی. بەم شێوەیە فەڵەستینییەکان لەگەڵ جوولەکەکان پێکەوە سوود لە پایتەخت بوونی رۆژھەڵاتی قودس وەردەگرن و دەتوانن وڵاتێکی سەربەخۆ دامەزرێنن".
شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم ئاماژەی بەوەش دا کە ھەر رێککەوتنێکی ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ببێتە جێگەی باس، ئەوا سەقامگیری گشت ناوچەکە دیاری دەکات و گوتیشی: "مزگەوتی ئەقسا و حەرەمی پیرۆز بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئەم شوێنانە ھەم بۆ موسڵمانان و ھەمیش بۆ کریستیانەکان پیرۆز. لەو بابەتەشدا پشتیوانی بەڕێز سەرکۆمار(ئەردۆغان)مان وەرگرت".
شا عەبدوڵڵا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێی پرسی سووریاشیان کردووە و جەختیشی لەسەر گرنگی کۆبوونەوەکانی ئاستانا کردەوە. ناوبراو گوتیشی: "لەو چوارچێوەیەدا پێویستە پارێزگاری لە ئاسایشی گەلی سووریا و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بکرێت".