Hakan Çopur
20 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2021
واشنتۆن - AA
گروپێک لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا، نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کردوە و داوایان لێکردوە رووداوەکانی ١٩١٥ بە "کۆمەڵکوژی" بناسێنێت.
٣٨ سیناتۆر لە ھەردوو پارتی کۆمار و دیموکرات واژۆیان لەسەر نامەکە کردوە و تیایدا گوتارێکی ساڵی رابردووی بایدن-یان وەبیرھێناوەتەوە و ھاتووە: "لە رابردوودا ئەو رووداوانەتان بە "کۆمەڵکوژی" ناساندبوو لە ئێستاشدا داواتان لێدەکەین وەک سەرۆکی ئەمریکا بەفەرمی دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەندا بنێن".
لە پاشکۆی نامەکەشدا پڕۆژەبڕیارێک ھەیە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا ھەردوو باڵەکەی کۆنگرێس پەسەندیان کردوە "رووداوەکانی ١٩١٥ بە کۆمەڵکوژی" بناسێندرێت، جەخت لەوەش کراوەتەوە کە پێویستە بایدن پشتیوانی ئەم بڕیارەی کۆنگرێس بکات.
لە نامەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە کابینەکانی پێشووتری حکوومەتی ئەمریکا دەربارەی ئەم بابەتە ھەنگاوێکی جدییان نەناوە و بێدەنگییان ھەڵبژاردوە. بەڵام پێویستە کابینەکەی بایدن ئەم بێدەنگییە بشکێنێت.
جێی وەبیرھێنانەوەیە جۆ بایدن، ساڵی رابردوو لە کاتێکدا کاندید بوو بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، دەربارەی رووداوەکانی ١٩١٥ لێدوانێکی دا و تیایدا رووداوەکانی ١٩١٥ی وەک "کۆمەڵکوژی" ناوبرد، بەڵێنیشیدا ئەگەر ببێتە سەرۆک پشتیوانی پڕۆژە بڕیارەکەی ساڵی ٢٠١٩ی کۆنگرێس لەو بارەیەوە بکات.