Muhammet Ali Kemal
27 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2016
لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پێنج ویلایەتی ئەمریکادا، ترەمپی بازرگان و پاڵێوراوی سەرەتایی کۆمارییەکان لە هەر پێنج ویلایەتەکە، هەریەک لە کلینتۆن و ساندەرزی پاڵێوراوانی سەرەتایی دیموکراتەکان، یەکەمیان لە چوار ویلایەت و دووەمیان لە یەک ویلایەت سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
بەمەبەستی دیاریکردنی پاڵێوراوی کۆتایی هەر یەک لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی کە بڕیارە رۆژی هەشتی تشرینی دووەم بەڕێوە بچێت، هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان بەردەوامە. لەو چوارچێوەیەشدا جۆش و خرۆشی ''سێشەممەیەکی مەزن''ی نوێ دروستبوو. دەنگدەرانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە هەریەک لە ویلایەتەکانی کۆنێکتیکەت، دێڵاوەیر، ماریلاند، پێنسیلڤانیا و رۆد ئایلاند، چوون بۆ دەنگدان.
- ترەمپ بەردەوامە لە سەرکەوتن
پاڵێوراوی سەرەتایی کۆمارییەکان و گەورە بازرگان، دۆناڵد ترەمپ، لەهەر پێنج ویلایەتەکە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی لە رکابەرەکانی بردەوە و سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد. ترەمپ بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لە کۆنێکتیکەت لەسەدا ٥٨، لە دێڵاوەیر لەسەدا ٦١، لەماریلاند لەسەدا ٥٥، لە پێنسیلڤانیا لەسەدا ٥٧ و لە رۆد ئایلاند لەسەدا ٦٤ی دەنگەکانی دەنگدەرانی کۆمارییەکان بەدەستهێناوە و بەسەر هەموو رکابەرەکانیدا سەرکەوتووە.
لە دوای سەرکەوتنەکانی ئەمڕۆیەوە، ترەمپ ژمارەی ئەو نوێنەرانەی کە بەدەستی هێناون بۆ ٩٤٩ نوێنەر بەرز کردەوە و زیاتر لە بوونە پاڵێوراوی کۆتایی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا نزیک بوویەوە. دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە پاڵێوراوی کۆمارییەکان پێویستە هەزار و ٢٣٧ نوێنەر بباتەوە.
هەریەک لە رکابەرەکانی ترەمپ، سیناتۆری تەکساس تێد کروز خاوەنی ٥٤٤ نوێنەر و پارێزگاری ئۆهایۆ جۆن کاسیچ خاوەنی ١٥٣ نوێنەرن.
- لەنێو دیموکراتەکاندا ساندەرز توانی تەنها لە یەک ویلایەت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت
لە نێو پاڵێوراوە سەرەتاییەکانی پارتی دیموکراتەکاندا وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا هیلاری کلینتۆن توانی لە کۆی پێنج ویلایەت لە چواریان بەسەر رکابەرەکانیدا سەرکەوێت.
هاوشێوەی ئەنجامی راپرسییە گشتییەکان، کلینتۆن لەهەریەک لە ویلایەتەکانی کۆنێکتیکەت، دێڵاوەیر، ماریلاند و پێنسیلڤانیا لە رکابەرەکەی، سیناتۆری ڤێرمۆنت، بێرنی ساندەرزی بردووەتەوە. هیلاری کلینتۆن لە کۆنێکتیکەت لەسەدا ٥١، لە دێڵاوەیر لەسەدا ٦٠، لەماریلاند لەسەدا ٦٣ و لە پێنسیلڤانیا لەسەدا ٥٦ی پشتوانی دەنگدەرانی دیموکراتەکانی بەدەست هێناوە.
پاڵێوراوە سەرەتاییەکەی دیکەی کۆمارییەکان، بێرنی ساندەرز، تەنها لە رۆد ئایلاند توانی سەرکەوتن بەسەر کلینتۆندا بەدەست بهێنێت و لەسەدا ٥٥ی دەنگەکانی ویلایەتەکەی بەدەست هێنا.
بەو شێوەیەش، کلینتۆن ژمارەی ئەو نوێنەرانەی کە بەدەستیهێناون بۆ هەزار و ٦٤٠ نوێنەر بەرزکردەوە. هیلاری کلینتۆن بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە پاڵێوراوی دیموکراتەکان پێویستە هەزار و ٣٨٣ نوێنەر بباتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی مانگی ئایار و حوزەیراندا، بە ئاسانی کلینتۆن بگاتە ئەم ژمارەیە لە نوێنەر.
لەولاشەوە بێرنی ساندەرز خاوەنی ٣٣١ نوێنەر بوو، بە بردنەوەکەی ئەمڕۆ لە ویلایەتی رۆد ئایلاند توانی ژمارەی نوێنەرەکانی بۆ ٣٧٠ نوێنەر بەرزبکاتەوە.
ساندەرز سەرەڕای ئەوەی لە رووی ژمارەی نوێنەرەوە زۆر لە دواوەیە و ژمارەکە لە بەرژەوەندیدا نییە بەڵام چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ئەنجامدانی کۆنگرەی پارتەکەی لە مانگی تەمووزدا، درێژە بە رکابەرییەکان بدات.
رۆژی سێی ئایار درێژە بە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان لە ویلایەتی ئیندیانا دەدرێت.