باوبۆرانی ھەرکول ماوەی چەند رۆژێکە باکووری ئەمریکای گرتۆتەوە و بە ھۆیەوە ئەمریکا رووبەرووی ساردترین زستان کە لە بیست ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە بۆتەوە.
راگەیەنراوە تائێستا ١٦ کەس گیانیان لە دەستداوە.
بۆرانی ھەرکول لەگەڵً شەپۆلێک سەرما و سۆڵەدا باکووری ئەمریکا کە تێیدا ١٤٠ ملیۆن کەس دەژین، گرتۆتەوە. سەرباری پچڕانی کارەبا، ھاوکات ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و گەشتە ئاسمانییەکانیش راگیراون.
پلەی گەرما بۆ ٣٠ پلەی ژێر سفر دابەزیوە. بەشێک لەو کەسانە بە ھۆی بەستنەوە گیانیان لە دەستداوە بەشێکی دیکەیان بە ھۆی رووداوەکانەوە گیانیان لە دەستداوە.
لە شارەکانی نیویۆرک و بۆستۆن، بۆ رزگار کردنی خەڵک لە سەرما و سۆڵە، چەندین ناوەندی گەرمکردنەوە کرانەوە، لە شاری نیویۆرکیش پۆلیس کەسانی سەر شەقام و بەبێ خانوو دەباتە ئەو ناوەندە گەرمانەی کە دابینیکردوون.
لە شاری نیویۆرک و واشنتۆن بە ھۆی سەرماوە، قوتابخانەکان و چەندین فەرمانگەی دیکەی رەسمی داخراون.
لە ویلایەتی مینەسۆتا دوای ١٧ ساڵ بۆ جاری یەکەم بە ھۆی سەرماوە رۆژی دووشەممە قوتابخانەکان داخران.
کاربەدەستان داوا لە خەڵک دەکەن ئەگەر زۆر ناچار نەبن بە ھیچ شێوەیەک لە ماڵ دەر نەچن.