سەرباری ئەوەی ١٨ پارتی ئۆپۆزسیۆنی بەنگلادش ھەڵبژاردنی ئەو وڵاتەیان بایکۆت کرد، لە ٤٠ حزبی تۆمار کراو بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن تەنیا حزبی دەسەڵاتدار (یەکێتیی گشتی) و حەوت حزبی دیکەی سەر بەو یەکێتییە بەشدارییان لە ھەڵبژارد کرد.
بەھۆی بایکۆت کردنەوە، ١٥٣ پەرلەمانتاری حزبی دەسەڵاتدار لە ناوچەکانی خۆیان بەبێ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن، وەکو ھەڵبژێردراو ناویان تۆمار کرا، بۆیە لە ٣٠٠ ناوچەی گشتی ئەو وڵاتە، تەنیا لە ١٤٧ ناوچەدا ھەڵبژاردن کرا.
ئەمەیش بووە ھۆی ناڕەزایەتی خەڵک و لە ٩٢ ملیۆن دەنگدەر، نیوەی زیاتری دەنگی نەداوە.
ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە داوای کردبوو ھەڵبژاردن دوا بخرێ، سەرباری ئەوەی رێکخراوە مەدەنییەکانی بەنگلادش پشتگیریییان لەو داواکارییە دەکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەو داواکارییەی پێ باش بوو، بەڵام حزبی دەسەڵاتدار، لە سەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن مکوڕ بوو.
سەرەڕای بانگەوازیی سەرۆکی پارتی نەتەوە پەرەستی بەنگلادش بۆ رێگری نەکردن لە دەنگدان، بەڵام پێش لەوەی پرۆسەی دەنگدان دەست پێ بکا، لە ناوچە جیاجیاکانی بەنگلادش توندوتیژیی ھاتە ئاراوە.
لە شاری دەکای پایتەخت و ٣٩ ناوچەی دیکە، خەڵک ھێرشیان کردە سەر وێستگەکانی دەنگدان.
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی بەنگلادش نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر بارودۆخەکە دەربڕی. ژمارەیەکی زۆر لە بنکەکانی دەنگدان چۆڵکران.