Ramal Mahmood
18 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2016
پاڵێوراوی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە نووسینگەی لێپرسینەوەی فیدڕاڵی نیویۆرک لەبارەی نهێنی هەواڵگری لەلایەن کاربەدەستانی ئاسایشی نیشتمانی زانیاری پێدرا کە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند.
زانرا کە هەردوو راوێژکاری ترەمپ، پارێزگاری ویلایەتی نیوجێرسی، کریس کریستیە و جەنەراڵی خانەنشین، میکائیل فلاینن بەشداریان تێدا کردووە.
ترەمپ بە کاروانێکی گەورەی ئۆتۆمبێلەوە هاتە ناو نووسینگەی لێپرسینەوە و لە هاتن و رۆیشتنیاندا ئۆتۆمبێلەکان سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆیان کرد. ترەمپ بێ ئەوەی قسە بۆ رۆژنامەوانان بکات لە تەلاری نووسینگە دەرچوو.
نازانرێت کە ئایا پاڵێوراوی پارتی دیموکرات، هیلاری کلینتۆن لەبارەی هەواڵگیرییەوە زانیاری پێدراوە یاخود نا.
سەرۆکی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠٠٨ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەهەمان شێوە زانیاری پێدرابوو. بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی بەرگری هەواڵگری، داڤید شێدد لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند ئەو جۆرە زانیاری پێدانانە لە هەموو جیهان هەیە لەبارەی بابەتە گرنگ و گەرمە هەواڵگرییەکان.
ترەمپ، بەر لە رووکردنە نووسینگەی لێپرسینەوەی فیدڕاڵی نیویۆرک، لە بنکەی هەڵبژاردنی نیویۆرک لەگەڵ راوێژکارە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی خۆی بە مەبەستی دیاریکردنی هەڵسوکەوت و مامەڵەکردن لە بابەتی ئاسایشی نیشتمانیدا، کۆبوویەوە.