Ramal Mahmood
18 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2016
ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا (ئەنەکەسە)، گرتن و راوەدونانی لایەنە کوردییەکانی دیکە لەلایەن پەیەدەیە ئیدانە کرد و، داوای ئازادکردنی ئەو سیاسەتمەدارانەی کرد کە دەستگیری کردوون.
ئەنەکەسە لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی نووسینگەی جنێڤی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە پەیەدە دوای رفاندنی سەرۆکی ئەنەکەسە، ئیبراهیم برۆ و سنوورداشکردنەوەی، دەستیداوەتە هێرشکردنە سەر ئەو سیاسەتمەدارە کوردانەی کەسەربە ئەنەکەسەن و ئەوانەیشی کە پشتیوانی لە ئەنجوومەنەکە دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەیش خراوەتە روو کە چەکدارانی پەیەدە لە ١٥ی ئابدا لە قەزاکانی قامشلۆ و عامودەی سەربە پارێزگای حەسەکە ژمارەیەکی زۆری چالاکوان و هەواداری پارتی یەکێتی کورد (پەیەکەسە) و پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (پەدەکەسە) دەستگیرکردوون. لەناو دەستگیرکراواندا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی سەرکردایەتی پەدەکەسە محەممەد ئیسماعیل، نەشەت زازا، عەبدولکەریم حاجی و نافیع عەبدولکەریم هەروەها لە ئەندامانی سەرکردایەتی پەیەکەسە-ش حەسەن ساڵح و عەبدوڵڵا جادۆ هەن، بەگشتی ئەندام و لایەنگری نۆ حزب دەستگیرکراون.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە تەواوی ئەو چالاکوانانەی رفێنراون لە ١٤ ئابدا لە شاری قامشلۆ بەشدارییان کردووە لە رێوڕەسمی تەرمی ئەو پێشمەرگانەی لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ گیانیان بەخشیووە و لەو کاتەدا چەکدارانی پەیەدە هێرشیان کردۆتە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی رێوڕەسمەکە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەوەی بۆتە جێی سەرنج جگە لەوەی پەیەدە لە ١ی ئاب لەقەزاکانی قامشلۆ، عاموودە، ئەلمالیکییە و ناحیەی موابەدە خەڵکیان رفاندووە و کەچی خۆپیشاندانیشیان ئەنجامداوە.
بەیاننامەکە ئەوەی هێناوەتە بەر باس کە لە عاموودە چوار ئەندامی پەیەسەکە ئازادکراون، بەڵام تاکو ئێستا ٢٨ ئەندامیان دەستبەسەرن لەلایەن پەیەدەوە. لە ١٧ی ئاب لەشارۆچکەی موابەدە جارێکی دیکە ئەندامانی ئەنەکەسە رفێنراونەوە.
ئەنەکەسە لە بەیاننامەکەیدا تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە لیستی ناوی دەستبەسەرکراوانیان لایە و ئەوەی لە دەستیان بێت دەیکەن بۆ ئازادکردنیان، تێیدا هاتووە: "ئەنەکەسە، ئەو گرتن و رفاندن و ئازادرانەی دژی چالاکوانانی سیاسی کورد لەلایەن پەیەدەوە جێبەجێ دەکرێت ئیدانە دەکات و داواکارییە دەستەبسەرکراوانی سیاسی ئازاد بکرێن".
بەیاننامەکە ئەوەیشی تێدا هاتووە: "ئەنەکەسە داوا لەهەموو چالاکوانانی سووریا و رای گشتی نێودەوڵەتی دەکات بێ جیاوازی نەژادی و رەچەڵەکی هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەو گوشارخستنەسەر و پێشلێکارییانەی پەیەدە لە ناوچەکانی ژێر رکێفی دژی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامیان دەدات. ئەگەر دەیانەوێ سووریایەکی سەربەخۆ و دیموکراسی درووست ببێت، پیویستە هەموو لایەنەکان رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و رەچاوی بنەما دیموکراسییەکان بکەن".