Tuğçenur Akgün
08 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2023
نیویۆرک - AA
ئەمریکا لە چوارچێوەی ھاوکارییە سەربازییەکانیدا، بۆمبی ھێشوویی بۆ ئۆکراینا دەنێرێت.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جەیک سولیڤان لەمیانی کۆبوونەوەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
سولیڤان ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی پێداویستییە مەیدانییەکان ھاوکاری پێویستی ئۆکراینایان کردووە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئۆکراینا پیویستی بە چەکی تۆپھاوێژ ھەیە بۆ ئەوەی درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی بدات.
سولیڤان راشیگەیاند کە "ئۆکراینا بە لاوازی جێناھێڵن" و باسی لە راستی پێدانی بۆمبی ھێشوویی بە ئۆکراینا کرد.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جەیک سولیڤان باسی لەوەشکرد کە رووسیا لەوەتەی دەستپێکی جەنگەوە بۆ ھێرشکردن بۆسەر ئۆکراینا بۆمبی ھێشوویی بەکارهێناوە و بانگەشەی ئەوەشی کرد کە رێژەی ھەڵەکردن لەو بۆمبە ھێشوویانەی کە رووسیا بەکاریان دەھێنێت لە نێوان سەدا ٣٠-٤٠ دایە. گوتیشی: "بەم پێیەش ئۆکراینا بۆ بەرگریکردن لە ناوچەی سەروەریی خۆی داوای بۆمبی ھێشوویی دەکات".
سولیڤان ئاشکراشی کرد کە رێژەی ھەڵەکردنی ئەو بۆمبە ھێشوویانەی ئەمریکا دابینیان دەکات لە سەدا ٢.٥ بەرزتر نییە.
ئیدارەی جۆ بایدن لە ئەمریکا ماوەیەکە ھەڵسەنگاندن بۆ پێدانی بۆمبی ھێشوویی بە ئۆکراینا دەکات کە لەلایەن بەشێکی زۆری وڵاتان چەکێکی قەدەغەیە.