Hakan Çopur
18 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2021
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس ئاشکرای کرد کە هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر بێ وەڵام نامێنێتەوە.
نێد پرایس لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین رەوشی دوای هێرشەکەی سەر هەولێر کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس باسی لەوە کرد کە دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیش لە نزیکەوە کار دەکەن بۆ ئاشکراکردنی بەرپرسیاران.
گوتیشی: ''بەدڵنیایییەوە پلانی وەڵامدانەوەکەمان ناخەینەڕوو، بەڵام گونجاوە بڵێم کە ئەوە دەرەنجامی دەبێت بۆ ئەو گرووپەی بەرپرسە لەوە''.
دوێنێ گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا، جین ساکی رایگەیاندبوو کە حکوومەتی ئەمریکا مافی خۆیەتی لە کاتی گونجاو و بەشێوەیەکی گونجاو، وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.
- هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر
شەوی ١٥ی ئەم مانگە ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کران.
گرووپێک بەناوی ''سەرایا ئەولیا ئەلدەم'' کە پێشتر ناوی لەو کردانەدا نەبیستراوە کە لە عێراق ئەنجامدراون، ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆی خۆی گرت.
دوای رووداوەکە لە هەندێک دەزگای راگەیاندنی هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا بانگەشەی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گرووپەکانی سەربە ئێران لە پشت هێرشەکەوەن.