Ömer Faruk Yıldız
18 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2021
کوالا لومپور- AA
لە میانمار کۆمەڵێک هاککەر هێرشیانکردە سەر ژمارەیەک ماڵپەڕی سەربە سوپای وڵاتەکەیان.
گرووپەکە کە خۆیان ناوناوە "هاککەرانی میانمار" ماڵپەڕی تایبەت بە کەناڵی فەرمیی دەوڵەت و بانکی ناوەندییان وەستاندوە.
هاککەرانی میانمار لە هەژمارەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویانە "لە پێناو دادپەروەری بۆ میانمار خەبات دەکەین. لەڕێی پرۆتێستۆکردنی ماڵپەڕەکانی حکوومەتی سەربازیی دەنگی گەلمان گەیاند".
هەروەها ماوەی ١٢ رۆژە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لە نەپیدۆ-ی پایتەخت و شارەکانی دیکە لەسەر شەقامن و ئیدانەی حکوومەتی کودەتا دەکەن، داواکاریشن وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی وڵاتەکەیان، ئاونگ سان سو چی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی مەدەنیی ئازاد بکرێن.
لە لایەکی دیکەشەوە خۆپیشاندەران کاردانەوەی توندیان نیشاندا لەهەمبەر لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی سینگاپوور، ڤیڤیان بالاکریشنان دەربارەی کودەتا سەربازییەکەی وڵاتەکەیان و هەڵمەتی بایکۆتکردنی بەرهەم بەروبوومەکانی سینگاپوور-یان راگەیاند.
ڤیڤیان بالاکریشنان، دەربارەی بڕیارەکانی سزا خستنە سەر میانمار گوتبووی: "پێویستە لە سزای گەورە و گشتگیر دووربکەوینەوە، چونکە لە کۆتایی ئەم هەڵمەتانەدا، هاووڵاتییانی میانمار زەرەرمەند دەبن".
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کردبوو کە سینگاپوور پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ میانمار ناپچڕێنێت.
- کودەتای سەربازیی لە میانمار
لە یەکی شوباتی ٢٠٢١دا، سوپای میانمار کودەتای سەربازیی بەسەر حکوومەتی مەدەنیی ئەنجامدا و بۆ ماوەی ساڵێک باری نائاسایی لەو وڵاتەدا راگەیاند.
سوپا هەروەها وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراو، ئاونگ سان سو چی و بەرپرسانی حکوومەتی دەستبەسەر کرد.
هاووڵاتییانی میانمار لە شەشی شوباتەوە دژبە حکوومەتی کودەتا رژاونەتە سەر شەقامەکان و تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بەردەوامن.