Tuğrul Çam
01 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2015
وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئاشتۆن کارتەر ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش ھێزێکی تایبەتی رەوانەی عێراق دەکەن و ئەو ھێزە ھاوکاریی ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە دەکەن و راشیگەیاند ئەو ھێزانە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ھەڵکوتان و رزگارکردنی بارمتەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.
کارتەر لە کۆمیتەی خزمەتگوزاری چەکداریی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەبارەی ستراتێژی ئەمریکا لە عێراق و سووریا گوتەیەکی پێشکەش کرد و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە.
وەزیری بەرگری ئەمریکا باسی بەرەنگاربوونەوەی دژی داعش لە عێراق و سووریا کرد و گوتی: "لە شەڕداین و تاوەکو ئێستا خاوەنی بەھێزترین توانای جەنگ لە جیھان کە بەکاری دەھێنین. دەیان ھەزار کارمەندی ئەمریکا لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و ھێزی زیاتریش رەوانە دەکەین".
کارتەر روونیشی کردەوە کە لە عێراقدا ھاوکاریی ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە دەکەن و بە مەبەستی فشار خستنە سەر داعش ھێزێکی تایبەتی رەوانەی عێراق دەکەن، ھەروەھا گوتیشی: "ئەم ھێزانە جاروبار بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ھەڵکوتان و رزگارکردنی بارمتەکان دەکەن. ھاوکات توانایان ھەیە زانیاری ھەواڵگری کۆ بکەنەوە و سەرکردەکانی داعش دەستگیر بکەن. لە پێناو دۆزینەوەی شوێنەکانیان پێویست بە ھەواڵگری و ھەڵکوتانی زیاتر ھەیە کە سوودی بۆ دۆخەکە دەبێت".
راشیگەیاند کە ھەڵکوتانەکان بە داوەتی حکوومەتی عێراق ئەنجام دەدرێت و ئەو ھێزانە زیاتر لە بەھێزکردنی تواناکانی ھێزی عێراق و پاریزگاری لە سنوورەکان چڕ دەبنەوە.
کارتەر گوتیشی: "ئەم ھێزە تاک لایەنانە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی سووریاش دەکەن".
ئیدارەی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش مانگی رابردوو رەوانەکردنی ھێزی تایبەتی بۆ باکووری سووریا ئاشکرا کرد و لەوبارەیەوە رایگەیاندبوو کە گرووپەکە لە ٥٠ کەس پێکدێت و خزمەتگوزاری راوێژکاری و ھاوکاریی پێشکەش بەو گرووپانە دەکەن کە بەرەنگاری داعش دەبنەوە.
جێگەی باسە لە کۆنگرێسی ئەمریکا کۆمارییەکان رەخنە لە ئیدارەی ئۆباما دەگرن لەبارەی لاوازبوونی ستراتێجی سەبارەت بەرەنگاری داعش و داوا دەکەن ھەزاران سەرباز رەوانەی عێراق بکەن. نزیکەی سێ ھەزار ٥٠٠ سەربازی ئەمریکا بە مەبەستی مەشق و راھێنان و خزمەتگوزاری راوێژکاری بە ھێزەکانی عێراق لە عێراقدان.