Hakan Çopur
19 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2020
واشنتۆن - AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئەو پرۆژە یاسایەی پەسەند کرد کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی سەقامگیرییە لە لیبیا و لە ئەگەری تێکچوونی ئاگربەستدا پێشنیازی سەپاندنی سزا دەکات بەسەر ئەو هێزە بیانیانەدا کە دەستوەردان دەکەن لە جەنگی ئەو وڵاتەدا.
پرۆژە یاساکە واژووی هەریەک لە سەرۆکی لیژنەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تێد تیودج-ی دیموکرات و جۆی ویڵسن-ی کۆماری پێوەیە.
سەبارەت بە پرۆژە یاساکە، تێد تیودج لە ئەنجوومەنی گشتیدا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند ''دوایین گفتوگۆکان بە رابەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامێکی ئەرێنیی هەبوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەربەخۆ و دادپەروەرانە، بەڵام رێگای زۆرترمان لەبەردەمدایە''.
تێد تیودج هەروەها باسی لەوە کرد کە پێویستە لە لیبیادا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەی دەکەوێتە سەر شانیان بەجێیبگەیەنن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لەو وڵاتەدا و گوتی: ''گرنگیی کشانەوەی چەک، هێزە بیانییەکان و سەربازە بەکرێگیراوەکان لە لیبیا روونە؛ نابێت بیرمانبچێت کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پێشتر چۆن شکستیان هێنا''.
پرۆژە یاساکە پێشنیازی سەپاندنی سزا دەکات بەسەر ئەو هێزە بیانییانەی پشتیوانی لە هەر کاراکتەرەکی سیاسیی لیبیا دەکەن، لەگەڵ سزادانی هەر کەس یان دامەزراوەیەک کە سەرچاوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت.
لە هەمان کاتدا لە پرۆژە یاساکەدا بە پێویستزانراوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرت لەبارەی ''دوایین رەوشی لیبیا و هێزە بیانییەکان'' بە کۆنگرێس بدات و لە بوودجەی دارایی ٢٠٢١دا، ٢٣ ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بکرێت بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لیبیا.
بۆ ئەوەی پرۆژەکە بە یاسا بکرێت، پێویستە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پەسەند بکرێت، هەروەها سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت.
لە کۆڕبەندی دیالۆگی سیاسیی لیبیادا کە بە رابەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری تونس پایتەختی تونس بەڕێوەچوو، رێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی کە لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا کە رۆژی سەربەخۆیی لیبیایە هەڵبژرادن بکرێت.