Hemin Hüseyin
02 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2017
هەولێر-AA
ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە ئامادەبوونی هەریەک لە سەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات و جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ھەولێر، سۆران ئەبوبەکر و بەرێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی دانەوێڵە، ئیبراهیم عەبدولحەمید و قایمقامی ناوەندی ھەولێر بە وەکالەت، نەبەر عەبدولحەمید و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی، محەمەد عەباس و جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، ئەمین رەئووف و بەڕێوەبەری کوشتارگەی ئاژەڵی، هەڵمەت هەمزە کۆبووەوە.
ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەو دەنگۆیانە بوو کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەبارەت بە گرانبوونی نرخ لە بازاڕەکاندا هەبوون و هەریەک لە لایەنی پەیوەندار راپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد و دەنگۆیەکەیان رەتکردەوە.
کۆبوونەوەکە لە دوو تەوەر پێکهاتبوو، کە تەوەری یەکەمیان تایبەت بوو بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و کۆبوونەوەی دووەمیش بریتیی بوو لەگەڵ قایمقامییەتی هەولێر و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار.
لە کۆبوونەوەی یەکەمدا، سەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا ھیچ گۆڕانکاریەک لە رێنماییەکان نەکراوە بۆ ھاوردەکردنی ماددە خۆراکییەکان و ئێستا بە شێوەیەکی باشتر کارەکان بەرێوەدەچێت و هەموو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە سەبارەت بە گرانبوونی نرخ لە بازاڕدا هەیە.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، جەلال محەمەد داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەن کرد کە کۆ دەنگییەک دروست بکرێت بۆ ئەوەی سزای ئەو کەسە بدرێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە باسی گرانبوونی بازاڕی کرد بوو کە ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی ترس و دڵەراوکێ لە لای خەڵک دروست بێت و بەشێک لە خەڵک هەوڵی کڕینی بەرووبووم و پێداویستییەکانی دیکە بدەن بۆ ئەوەی هەڵیگرن تا دوای تەواوبوونی پڕۆسەی ریفراندۆم.
سەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات گوتی: "ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا بەشداربووین بۆ ئەوەی روونکردنەوە بدەین لەبارەی گرانبوونی نرخ لە بازاڕدا و ئێمەش بۆمان روونکردنەوە کە لە ماوەی رابردوودا نرخی دانەوێڵە هەندێک بەرزبووەوە ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە خەڵکێک لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاتبوون لە هەرێمی کوردستان هەندێک بەرووبوومی دانەوێڵەیان کڕیبوو، کەلوپەل و کاڵاکانی دیکەش وەکو خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکانیان رووینەداوە".
دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند کەسێک لە میدیاکان هەندێک قسەیان کردبوو کە ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی خەڵک بترسێت و ئێستاش لایەنی پەیوەندیدار کۆنتڕۆڵی بازاڕیان کردووە و بەردەوام تیمەکانییان سەردانی مەیدانی بازاڕ دەکەن و نرخەکان وەکو خۆیەتی".
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، سۆران ئەبوبەکر گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە کاریگەری ھەبووە لەسەر بازار و رەوشی ھاووڵاتییان کە ئەمە وایکردووە خەڵک خواستی زۆرتریان لەسەر بازاڕ هەبێت، بەڵام ئێمە بە بازرگانەکانمان گوتووە کە کاڵای زیاتر نەهێنن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نا تەندروست جووڵە نەکەوێتە بازاڕەوە".
کۆبوونەوەی دووەم بە ئامادەبوونی قایمقامی ناوەندی قەزای هەولێر بە وەکالەت، نەبەز عەبدولحەمید و بەرێوەبەری دابەشکردنی دانەوێڵە، ئیبراهیم عەبدولحەمید و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی، محەمەد عەباس و جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، ئەمین رەئووف و بەڕێوەبەری کوشتارگەی ئاژەڵی، هەڵمەت هەمزە بەڕیوەچوو.
سەرەتا قایمقامی ناوەندی قەزای هەولێر بە وەکالەت، نەبەر عەبدولحەمید تیشکی خستە سەر بابەتەکە و گوتی: "هەفتەی رابردوودا لە شەوی هەینیدا دەنگۆی گرانبوونی بازاڕ بڵاوبووەوە و هەر ئەوکات لەگەڵ تیمەکانی قایمقامییەت سەردانی بەشێکی زۆر لە مارکێت و کۆگاکانی شاری هەولێرمان کرد بۆ ئەوەی لە نرخی بازاڕ بپێچینەوە، هاوکات ئامانجێکی دیکەی ئەم سەردانەش ئەوە بوو کە پشکنین بۆ بەشێک لە خواردەمەنی و کەلوپەلەکان بکرێت چونکە ترسمان هەبوو کە هەندێک بازرگان کاڵای ماوە بەسەرچوو تێکەڵ بە کاڵاکانی دیکە بکەن و بیانەوێت کاڵاکانییان ساغ بکەنەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ سەرپێچییەک نەبوو".
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "ئێستاش تیمەکانمان بەردەوام سەردانی مەیدانی دەکەن لە بازاڕدا و هەر سەرپێچییەک ئەگەر هەبێت ئەوا لە رێگای راگەیاندنەکانەوە رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە بۆ ئەوەی هیچ کەس نەتوانێت سەرپێچی بکات".
دواتر هەریەک لە بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی و بەرێوەبەری دابەشکردنی دانەوێڵە و بەڕێوەبەری کوشتارگەی ئاژەڵی راپۆرتی خۆیان خوێندەوە وەکو ئاماژەیەک بۆ ئاساییبوونەوەی بارودۆخی بازاڕ
دواتر سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عەلی رەشیدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: " ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا گوێیان لەسەرنجەکان گرتووە و هاووڵاتییان دڵنیا دەکەیەنەوە کە بەشی ساڵێک ئارد لە سایلۆکاندا هەیە و نرخی شتومەک و کەلوپەل و بەرهەمەکانیش جێگیرن تەنھا کێشە لە دانەوێڵەدا ھەبوو، چونکە بۆ خوارووی عێراق رۆیشتووە، ئەوەش چارەسەر کراوە، سنوورەکانیش بە هیچ شێوەیەک داناخرێن".
بازرگانانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ نرخێک بەرزنەبووەتەوە بەڵکو بە پێچەوانەوە نرخی بەشێک لە بەروبوومەکان دابەزیووە و ئەوانیش هەموو ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردەوە کە باس لە گرانبوونی بازاڕ دەکەن.
بەختیار چاوشین خاوەن دوکانێکی گەورەیە لە بازاڕی شێخەڵڵا لە شاری هەولێر، ئەو لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی بەشێک لە بەروبوومەکان دابەزیووە و سەبارەت بە نرخ لە بازاڕیشدا گوتی: "خەڵک لەوە دەترسێت کە سنوورەکان دادەخرێن. هەموو شتەکان وەکو خۆیەتی تەنها برنج و ئارد نرخیان گران بووە، ئەگەرنا نرخی پاقلەمەنییەکان و نرخی زەیت دابەزیووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ قەیرانێک روونادات و ئێستاش خواست لەسەر بازاڕ وەکو خۆیەتی و بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکەین".