Cüneyt Karadağ
12 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2026
ئەڵمانیا بڕیاریدا کەمپی سەربازیی خۆی لە هەولێر لە کۆتایی مانگی ئەیلوول دابخات.
بە پێی بڕیارێک کە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە کۆمیسیۆنی بەرگریی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کەمپە سەربازییەکانی، کەمپی سەربازیی ئەڵمانیاش کۆتایی پێ دەهێندرێت.
بەو پێیە، ڕاوێژکارانی سەربازیی، پزیشکان و کارمەندانی لۆجستیک دەکشێندرێنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بوریس پیستۆریۆس ڕایگەیاند کە بەشێک لە هێزەکانیان لە چوارچێوەی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەولێر دەمێننەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر پێدانی ڕاوێژ بە هێزەکانی پێشمەرگە.
بە هۆکاری ئەمنی، هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی ئەو هێزانەی کە بڕیارە بمێننەوە، ئاشکرا نەکراوە.
هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەڵەتی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ئەرکی پشتیوانی و ڕاوێژکاریی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەیان لە ئەستۆ گرتووە.