Erbil Başay
11 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2022
بەرلین – AA
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێربۆک رایگەیاند هەموو شتیکیان بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا کردووە.
بێربۆک، لە پەیامێکیدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر ئاماژەی بە هێرشە مووشەکییەکانی ئەم بەیانییەی سەر کییڤ-ی پایتەختی ئۆکراینا کرد و رایگەیاند دانیشتوانی شارەکە بەیانییان بە ترسی مردن کردەوە و بەهۆی مووشەکەکانەوە چاڵێکی گەورە لە تەنیشت پارکێکی یاریی منداڵان درووست بووە.
وەزیری دەروەری ئەڵمانیا، هێرشی مووشەکیی سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین بۆسەر شارە گەورەکان و مەدەنییەکانی بە "ترسنۆک" و "بەهیچ شێوەیەک قبوڵ نەکراو" ناوبرد و گوتی: "هەموو شتێک بۆ بەهێز کردنی بەرگریی ئاسمانی ئۆکراینا دەکەین ".
هاوکات وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، کریستینا لامبریخت لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەو هێرشە مووشەکییەی کە کراوەتە سەر کیێڤ و چەند شارێکی دیکە ئەوەی دەرخستووە کە چەندە گرنگە بە خێرایی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا دابین بکرێت.
لامبریخت، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێرشانەی رووسیا بە مووشەک و درۆنەوە ئەنجامی دەدات پێش هەموو شتێک مەدەنییەکان "تیرۆر دەکات" و رایگەیاند لەبەر ئەم هۆکارە بەتایبەتی لەرێگەی پێدانی دژەفڕۆکەوە پاڵپشتیی ئۆکراینایان کردووە.
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، ئاشکراشیکرد کە لە رۆژانی داهاتوودا یەکەم سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی جۆری Iris-T SLM کە بە نوێترین تەکنەلۆژیا بەرهەم دەهێندرێت بۆ پاراستنی خەڵک لە ئۆکراینا بە شێوەیەکی کاریگەرتر ئامادە دەبێت.
لەو راگەیەندراوەش کە لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی جۆری Iris-T SLM سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی خاوەن نوێترین تەکنەلۆژیایە و ئەڵمانیا چوار سیستەمی Iris-T SLM بۆ ئۆکراینا دابین دەکات.