Hemin Hüseyin
18 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سیگمار گابریێل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی داوای لە حکوومەتی عێراق کرد لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، گفتوگۆ دەست پێ بکات، ئەوەشی راگەیاند کە ھەولێر خواستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەیە.
لەلایەن خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ھاوکارییەکانی ئەڵمانیا و ھاوپەیمانانی کرد لە شەڕی دژ بە داعش و ئاماژەیشی بەوەکرد کە ھاوکارییەکانی ئەڵمانیا لەبیرناکەن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سیگمار گابریێل گوتی: "پێویستە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا جاریکی دیکە پتەوببێتەوە کە بە هۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیەکان خراپ بوون، ئومێدەوارم جارێکی دیکە گفتوگۆکان دەست پێ بکەن و ئێمەش پشتگیریی عێراقێکی یەکگرتوو دەکەین و ئامادەین هاوکاربین".
سەبارەت بە قەبارەی هاوکارییەکانی حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ عێراق و ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سیگمار گابریێل گوتی: "تا ئێستا یەک ملیار یۆرو بۆ ئارامی ناوچەکە خەرجکراوە و پێویستە عێراق بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەری کێشەکان بکات و ئێمەش دەخوازین کە عێراق رازی بێت بەوەی کە دیالۆگ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئێمە هاتووین تا پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەتایبەتیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا تاوتوێ بکەین و سوپاسیان دەکەین کە لە ساتە دژوارەکاندا رۆڵی خۆیان بینیووە بە ناردنی چەک و تەقەمەنی و تیمی سەربازی و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و چارەسەری بریندارەکان لە ئەڵمانیا و هەروەها ناردنی هاوکاری بۆ ئاوارەکان، بە تایبەتی لە رێگای کۆمەڵەی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی کە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجامداوە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین بۆ پشتگیری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدرالی دیموکراتی دەستووریدا، داوای پشتگیری بەردەوامی کۆمەڵگای نێودەڵەتی و ئەڵمانیا دەکەین بۆ هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێم تیشکی خستە سەر داتا و ئاماری قوربانیانی دەستی داعش و ئاماژەی بە ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "زۆرترین قوربانیانی دەستی داعش خوشک و برا ئێزدی و کریستانەکان بوون کە تا ئێستا سێ هەزار و ٣٠٠ کەسمان رزگارکردووە و سێ هەزار و٢٠٠ کەسیش تا ئێستا بێ سەرو شوێنن. نە ئێمە و نە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی ناتوانین بێ دەنگ بین، سەرەڕای ئەو رەفتارەی حکوومەتی عێراقی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و دروستبوونی قەیرانی دارایی، کەچی دەرگامان بە رووی ئاوارە و پەنابەران دانەخست و بە پێی توانای خۆمان شوێنی حەوانەوەمان بۆ دابین کردوون کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس دەبێت لە ئێستادا".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئێمە هاتووین دووپاتی هەڵوێستی خۆمان بکەینەوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور و پابەندین بەرامبەر بە عێراقێکی فیدرالی فرەیی کە رێز لە دەستوورەکەی بگرێت، هیچ کێشەمان نییە بە پێی دەستووری عێراق لە بابەتی دەسەڵاتی فیدرالی لە بابەتی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و ئامادەین بۆ گفتوگۆ لە پێناو سەقامگیری و رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدرالی عێراقی دەگرین. دەبێت ئەو دەستوورەی کە زۆرینەی گەلانی عێراق دەنگیان بۆ داوە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت".
نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیایە و بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێڵا مێرکڵ کۆببێتەوە.