Abdullah Shukur
21 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2017
واشنتۆن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە بەھۆی سەرقاڵی کارەکانی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە واشنتۆن ھیچ شاندێک بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکانی سووریا لە ئاستانا نانێرێت، بەڵام باڵیۆزی ئەمریکا لە کازاغستان بەشداری لە کۆبوونەوەکان دەکات.
وەک گوتەبێژی کاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆنەر رایگەیاند کە باڵیۆزی ئەمریکا لە کازاغستان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی سووریا لە شاری ئاستانا دەکات.
تۆنەر جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ھەمیشە ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی ناوخۆی سووریا داوە.
تۆنەر ئاشکراشی کرد کە بەھۆی پێشھاتەکانی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە واشنتۆن، شاندی تایبەت بۆ ئاستانا نانێرن. گوتیشی: "بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە داوەتکردنمان وەک چاودێر لە کۆبوونەوەکانی سووریا دەکەین. بەھۆی سەرقاڵی لە کارەکانی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ئەمریکا ھیچ شاندێک بۆ کۆبوونەوەکانی ئاستانا نانێرین بەڵام ئەمریکا لە لایەن باڵیۆزی خۆمان لە کازاغستان نوێنەرایەتی دەکرێت".