واشنتۆن - AA
بەھۆی خۆکێشانی ئۆتۆمبێلێک بە بەربەستەکان و پۆلیسەکانی بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا، دەروازەکانی ھاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی باڵەخانەکە داخران و رێکارە ئەمنییەکان توندوتۆڵکران.
کۆنگرێسی ئەمریکا کە لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا رووبەڕووی ھەڵکوتانسەر بووەوە، جارێکی دیکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێیدا.
پۆلیسی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند ئۆتۆمبێلێک بە خێرایی خۆی بە بەربەستەکانی ناوچەی لای شەقامی ئیندیپێندەنس کێشاوە.
تویتەکەی پۆلیسی کۆنگرێس، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ئۆتۆمبێلەکە دوو پۆلیسی شێلاوە و شوفێری ئۆتۆمبێلەکەش بە برینداری دەستبەسەرکراوە.
ھەر بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی کۆنگرێسی ئەمریکا، ھەردوو پۆلیس و گومانلێکراوەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ھاوکات، لە کاتی رووداوەکەدا، بە مەبەستی چاودێریکردنی دۆخەکە ھێلیکۆپتەرێکی پۆلیس لەسەر باڵەخانەی کۆنگرێس نیشتەوە.
- گومانلێکراوەکە لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا
شایەتحاڵەکان،لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیاکانی ئەمریکا، ئاماژەیان بەوە کردوە کە گومانلێکراوەکە لە دوای کێشانی ئۆتۆمبیلەکەی بە بەربەستەکان، چەقۆیەکی بەدەستەوە گرتووە و لە ئۆتۆمبیلەکەی دابەزیوە و لە بەرامبەردا پۆلیسەکان تەقەیان لێکردووە.
ھاوکات بە پێی ھەواڵێکی کەناڵی NBC News، کە زانیارییەکانی بۆ سەرچاوە ئەمنییەکان گەڕاندووەتەوە، گومانلێکراوەکە لە نەخۆشخانەی گیانیلەدەستداوە.
ھێشتا ھیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکا لە بارەی شێواز و چۆنییەتی رووداوەکە رانەگەیەندراوە کە ئایا ھێرشکردن بووە یان رووداوێکی ئاسایی.
- دانیشتنەکانی کۆنگرێس دواخران
بەھۆی رووداوەکەوە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دواخران.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی، کە لە کاتی رووداوەکەدا کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی ئەنجامدەدا، ئەوەی راگەیاند کە سەرۆک جۆ بایدن، لە دەرەوەی واشنتۆن لە ناوچەی کامپ دێڤید-ە و سەلامەتە.