Hakan Çopur
17 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2025
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد ئەو بۆچوونە بە ڕاست نازانێت کە ئیسرائیل بە لەبەرچاونەگرتنی پرسی فەڵەستین و ئاسایشی فەڵەستینییەکان دەتوانێت بۆ وادەیەکی زۆر درێژە بە بوونی خۆی بدات.
بایدن دوایین دیداری تەلەڤزیۆنی وەک سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی MSNBC News ئەنجام دا.
جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە ئاشتیی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش پرسی غەززە پرسگەلێکی قورسن و زۆر هەوڵیان داوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە و، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە دەستبەرکردنی ئاگربەست تەنانەت ئەگەر لە کۆتا ڕۆژی پۆستەکەشیدا بێت.
بایدن بەپێویستی زانی ئیسرائیل لە پێناو ئاسایشی خۆیدا لە چوارچێوەیەکی فراوانەوە تەماشای پرسی فەڵەستین بکات و، ڕایگەیاند: ''ئەو بۆچوونە ناگونجێت کە ئیسرائیل بە لەبەرچاونەگرتنی پرسی فەڵەستین و ئاسایشی ئەوان دەتوانێت بۆ وادەیەکی زۆر درێژە بە بوونی خۆی بدات. ئەمە جێبەجێ نابێت''.
سەرۆکی ئەمریکا بایدن، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهوی بە ''دۆستم'' ناوزەند کرد و ڕایگەیاند: ''بەردەوام وەبیری بیبی ناتانیاهۆی دۆستمم هێناوەتەوە کە پێویستە ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی نیگەرانییە ڕەوایەکانی گرووپێکی کۆمەڵایەتی گەورە کەپێی دەگوترێت فەڵەستینییەکان لەبەرچاو بگرێت''.
بایدن ئەوەیشی خستەڕوو کە ناتانیاهو سەرۆکایەتی یەکێک لە کابینەکانی کردووە کە توندترین ''ڕاستڕەوی توندئاژۆ''یە لە مێژووی ئیسرائیلدا، هەر لەبەرئەمەیە کە بەهۆی هاوسەنگییە هەستیارەکانی سیاسەتی ناوخۆ نایتوانی بە ئاسانی بڕیارگەلێکی گرنگی وەک ئاگربەست دەربکات، ئەم پرسە بۆ ناتانیاهو دۆخێکی قورس بوو.
هەروەها بایدن باسی لەوەیش کرد کە ئێران و حزبوڵڵا بەراورد بە سەردەمی پێشوو لاوازبوون و ئەوەیش لە ڕووی ئاسایشی ئیسرائیلەوە زۆر گرنگە.