Kasım İleri
09 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، پێشنیازێکی پێشکەش بە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد کە تایبەتە بە پێدانی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکراینا بە گوژمەی ٦٧٥ ملیۆن دۆلار.
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن، لە میانی سەردانێکیدا بۆ کیێڤ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە وڵاتەکەی بە گوژمەی ٢،٨ ملیار دۆلار هاوکاری پێشکەشی ئۆکراینا دەکات کە ٦٧٥ ملیۆن دۆلاری هاوکارییەکە تایبەتە بە بواری سەربازیی، بایدن پڕۆژە پێشنیازی ئەو هاوکارییە ٦٧٥ ملیۆن دۆلارییەی خستە بەردەم کۆنگرێس.
سەرۆکی ئەمریکا لەو پێشنیازەدا کە پێشکەشی کۆنگرێسی کردووە نووسیوویەتی: "بەگوێرەی بەشی ٦٢١ لە یاسای ساڵی ١٩٦١ بۆ هاوکاریکردنی وڵاتانی دەرەوە و بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتەی کە دەستوور و یاساکانی ئەمریکا، وەک سەرۆک پێیان داو، و بە گوێرەی بەندی ٥٠٦ لە یاسای هاوکاریکردنی وڵاتانی دەرەوە، دەسەڵاتی پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکراینا بە گوژمەی ٦٧٥ ملیۆن دۆلار، دەدەمە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەم هاوکارییانەش بریتین لە پێدانی کەلوپەلی سەربازیی، مەشق و راهێنان".
هاوات لەگەڵ پێشکەشکردنی پێشنیازەکەی بایدن، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) وردەکاری ئەو پاکێجی هاوکارییەی خستەڕوو.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا هاتووە: "هاوکارییە سەربازییەکان بریتین لە گوللەی زیادەی سیستمی تۆپهاوێژی پێشکەوتوو (HIMARS)، چوار دانە تانک و ٣٦ هەزار گوللەتۆپی ١٠٥ ملم، چەند مووشەکێکی خێرای دژە لەرەلەر (HARM)، ١٠٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆری (HMMWV)، ١،٥ ملیۆن گوللەی چەکی سوک، زیاتر لە پێنج هەزار گوللەی زرێپۆشبڕ، هەزار دانە مینی ١٥٥ ملم دژەزرێپۆش، بۆمبهاوێژ و چەکی سووک، ٥٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی چارەسەری پزیشکی، ئامێری شەوبین و چەندین کەلوپەلێکی دیکەی سەربازیی".
هاوپێچ لەگەڵ راگەیەندراوەکە، ئەوەش خراوەتەڕوو کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەوەی بە کۆنگرێس راگەیاندووە کە دەیەوێت بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانی درێژمەودا لە بواری دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ هێزی سەربازیی وڵاتانی دەرەکی، دوو ملیار دۆلار تەرخان بکات، کە یەک ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایشی ئۆکراینایە و یەک ملیار دۆلارەکەی دیکەش بۆ پشتیوانیکردنی ١٨ وڵاتی دراوسێی ئۆکراینایە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە جۆ بایدن، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە کە پۆستی سەرۆکی ئەمریکای گرتووەتە دەست تا ئێستا، نزیکەی ١٥،٢ ملیار دۆلار هاوکاری ئەمنی پێشکەشی ئۆکراینا کردووە.
١٤،٥ ملیار دۆلاری ئەو هاوکاریانەش لە دوای دەستپێکی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢، بووە.