Adem Şalvarcıoğlu,Muhammet Ali Kemal
26 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2017
کوالالامپور- AA
سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی ئیسلامی مالیزیا، زولێخا کاماروددین بڕیارەکەی ئەمریکای سەبارەت بە قودس بە "بناغەی نادادپەروەریی" ناوبرد.
زولێخا کاماروددین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل کرد.
کاماروددین ئاماژەی بەوەکرد بەدرێژایی مێژوو پێگەی قودس زۆر جار بووەتە رۆژەڤ، بەڵام بە رەزامەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل بڕیاری ئەوە دراوە کە قودس هی سەرجەم ئایینەکانە و جەختی لەوەکردەوە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ٦ی کانوونی یەکەمدا تاکلایەنانە، ''بێ بیرکردنەوە و لەخۆباییانە'' قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساندووە.
ناوبراو گوتیشی: ''دۆناڵد ترەمپ لەرێگەی ئەو روونکردنەوەیەوە ئەوەی نیشاندا کە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و رێز لە رای گشتیی جیهان ناگرێت''.
سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی ئیسلامی مالیزیا سەبارەت بەو بڕیارەی لەمیانی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا درا، ئاماژەی بەوەکرد کە بڕیارەکە جەختکردنەوەیە لەو بڕیارانەی بەدرێژایی مێژوو لەبارەی قودسەوە دراون و رایگەیاند ''ئەو بڕیارە لووتبەرزانەیەی ئەمریکا کە زیانێکی قەرەبوونەکراوەی بە پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە کە ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە، گەیاند، لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و بەزۆرینەیەکی رەها رەتکرایەوە. ئەوە تۆمارکرا کە بڕیارەکەی ئەمریکا دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە''.
زولێخا کاماروددین داوای لە وڵاتانی جیهان کرد لەبەرامبەر بڕیارە تاکلایەنە نادادپەروەرانەکەی ئەمریکادا یەکبگرن و رایگەیاند ''نەناسینی فەڵەستین وەک دەوڵەت، دایکی هەموو نادادییە هاوچەرخەکانە. ناساندنی قودسیش وەک پایتەختی ئیسرائیل بناغەی ئەو نادادپەروەرییەیە. سەرجەم ئەو وڵاتانەی جیهان کە دادکۆکی لە ئاشتی و دادپەروەریی دەکەن، پێویستە بەمەبەستی نەهێشتنی ئەو ستەمەی لە گەلی فەڵەستین دەکرێت، یەکبگرن و دژی کردەوەی ئەو هێزە زەبەلاحە لەخۆباییە، بووەستنەوە''.